رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری قوتابخانەی میرزەندی بنەڕەتی لە ئاکرێ، مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی قوتابخانەی دابین کرد.
سەڵاح ساڵح عەتۆ، بەڕێوەبەری قوتابخانەی میرزەندە بە رووداوی گوت، دوای ئەوەی ئەمڕۆ دەستکرا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی مامۆستایانی دامەزراو، وەک "ئەرکێکی ئایینی، نیشتمانی و مرۆڤایەتی بڕیارم دا مووچەی مامۆستانی وانەبێژی قوتابخانەکەم دابین بکەم."
بەڕێوەبەری قوتابخانەی میرزەند گوتی، لەبەر ئەوەی مانگی رەمەزانە و جەژن نزیکە، بە لەبارچاوگرتنی دۆخی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیاری داوە مووچەکانیان دابین بکات.
قوتابخانەی میرزەندی بنەڕەتی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ئاکرێیە و نزیکەی 900 قوتابی تێیدا دەخوێنن، قوتابخانەکە 44 مامۆستای هەیە و 20یان وانەبێژن. مامۆستا سەڵاح عەتۆ دەڵێت، لەسەر ئەرکی خۆی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی دابینکردووە تاوەکو ئەوکاتەی مووچەکانیان وەردەگرن و بۆی دەگەڕێننەوە.
رۆژی یەکشەممە، 31-03-2024، مووچەی مانگی شوبانی مامۆستایانی دامەزراو دابەشکرا بەبێ ئەوەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش بکرێت.
عەلی رەئووف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە رووداوی گوت، "زیاتر لە 37 هەزار مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەن و زۆرترینیان لە پارێزگای دهۆکن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ