رووداو – هەولێر
گوتەبێژی حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە، رایگەیاند، كە بڕیارە سبەی یەكشەممە تانەر یەڵدز، وەزیری وزەی توركیا سەردانی بەغدا بكات و تاوتوێی گرێبەستی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی خاكی توركیاوە لەگەڵ بەرپرسانی وزەی عێراق بكات.
فەیسەڵ عەبدوڵڵا لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (رووداو) لەبارەی ئەو گرێبەستانەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا واژۆی كردوون، گوتی "ئەو گرێبەستانە پێچەوانەی دەستوورن، بەپێی دەستوور نەوت موڵكی هەموو عێراقە و بەهیچ شێوەیەك هیچ گرێبەستێك واژۆ ناكرێت ئەگەر لەڕێی حكومەتی ناوەندەوە نەبێت، كە ئەویش وەزارەتی نەوتی عێراقە".
سەبارەت بەوەی كە ئەگەر ئەو گرێبەستانە "نایاسایی" بن حكومەتی توركیا چۆن واژۆی كردووە، گوتەبێژی حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە گوتی "ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ توركیاو سبەی وەزیری وزەی توركیا دێتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەكان لە بواری وزەو هەروەها بەپرسەكانی دیكەی حكومەت كۆدەبێتەوە".
گوتەبێژەكەی شەهرستانی رەتیكردەوە سەبارەت بەو گرێبەستانە هیچ پەیوەندییەكیان بە هەرێمی كوردستانەوە كردبێت و گوتی "دوا هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە كە چاودێریی گفتوگۆكانی توركیا و هەرێمی كوردستانمان كرد و بەیاننامەیەكمان دەركردو تێیدا جەختمان كردەوە كە حكومەتی ناوەندی تاكە دەسەڵاتە لەسەر هەموو سەرچاوەكانی وڵات بەتایبەت نەوت، كە بەهیچ شێوەیەك چاوپۆشی لێ ناكرێت".
هەرێمی كوردستان "زۆرتر لە گرێبەستێك"ی لەگەڵ كۆمپانیای دەوڵەتیی وزەی توركیا واژوو كردووە. سەرچاوەیەك لە حكومەتی توركیا بە (رووداو)ی راگەیاند، كە لەئەنجامی كۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردوو لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا و شاندی یاوەریان، 5 گرێبەست واژوو كراون و رێككەوتنێكی دیكەش بەجیا كراوە.
بەپێی لێدوانی سەرچاوەكەی رووداو، هەریەكە لە شاندی كوردستان و شاندی توركیا پێكهاتوون لەسەرئەوەی كە ئەو پارەیەی بەهۆی هەناردەكردنی نەوت و غازی سرووشتیی هەرێمی كوردستانەوە وەكو داهات دەست دەكەوێت، بخرێتە سەر حیسابێك كە بەبێ رەزامەندیی بەغدا و هەولێر و ئەنقەرە، هیچ پارەیەكی لێ نەیەتە دەرەوە. وەك ئەو سەرچاوەیە گوتی هیچ لایەك ناتوانێت بەتەنیا پارە لەو حیسابە بانكییە دەربهێنێت و واژووی هەرسێ لایەنی دەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ