رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، وەک یەکەم زانکۆ فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ 567 مامۆستای وانەبێژ دەرکرد.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 30ی تشرینی یەکەم) سەرکەوت رەشید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ 567 مامۆستای وانەبێژ دەرچووە کە کراون بە گرێبەست و لە 43 بەشی زانکۆ و پەیمانگەکانی پۆلیتەکنیکی دهۆک وانە دەڵێنەوە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆکە گوتی، "5 کۆلێژ و 6 پەیمانگە لە زانکۆی پۆلیتەکنکی دهۆک هەن، زانکۆکە وانەبێژی لە بەشەکانی تەندروستی، پزیشکی، کشتوکاڵ، کارگێڕی و تەکنەلۆژیای زانستی هەیە."
گوتیشی، "ئێستا مامۆستایان خەریکی کاری بایۆمەترین، دوای تەواو بوونیان راستەوخۆ دەتوانن دەست بە دەوام بکەن، لەو رۆژەی بڕیارەکە دەرچووە واتا 28ـی تشرینی یەکەم، بۆیان هەژمار دەکرێت."
وانەبێژانی خوێندنی باڵا ژمارەیان 4 هەزار و 14 مامۆستایە
28-10-2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا لە گشتاندنێکدا کە د. ئارام محەممەد قادر واژۆی کردووە و ئاراستەى گشت زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستانی کردووە، تێیدا هاتووە "دواى فەرمانى وەزاریمان ژمارە 2367 لە رێککەوتى 06-10-2024 سەبارەت بە دامەزراندنى مامۆستایانى وانەبێژى سەر بە وەزارەتمان بەشێوەى گرێبەست، بڕیاردرا بە راسپاردنى زانکۆکان، بە دەرکردنى فەرمانى زانکۆیى دەستبەکاربوون بۆ وانەبێژانى دامەزراو بەشێوەى گرێبەست لەسەر میلاکى زانکۆکانتان لە رێککەوتى 28-10-2024."
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2024، ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، فەرمانى بەگرێبەستکردنى مامۆستایانى وانەبێژى واژۆکرد.
02ـی ئەم مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا دەکرێنە گرێبەست.
خوێندنی 2023 و 2024، هەزار و 982 وانەبێژای هەبوو و بە نووسراوێک داوای بە گرێبەستکردنیان کرا؛ هەروەها نزیکەی 2 هەزار وانەبێژی دیکەی ساڵانی پێشتر هەبوون و بە نووسراوێکی دیکە داوای گرێبەستکردنی ئەوانیش کرابوو. توانا نەجەف گوتی، گرێبەستکردن هەموویان دەگرێتەوە.
کەمترین مووچەی وانەبێژی خوێندنی باڵا بە گوێرەی بڕوانامەکانیان 500 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان یەک ملیۆن و 250 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ