راوکردنی ژمارەیەک باڵندە و ئاژەڵی کێوی قەدەخە دەکرێت

30-10-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان، فرۆشتنی ژمارەیەک گیانداری کێوی لە بازاڕەکانی ئاژەڵان قەدەخە کردووە. گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت، "راوکردنی ئەو ئاژەڵانەی مەترسی لە ناوچوونیان لەسەرە بەردەوامە، یەکێک لەوانە چۆلەکەی بووکە سوورەیە."

ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تشرینی یەکەم، فوئاد ئەحمەد زراری، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، " ئەو ئاژەڵانەی کە مەترسی لە ناوچوونیان لەسەرە راوکردن و فرۆشتنیان قەدەخەیە، تەنیا بە پەسەندکردنی بڕیاری نێودەوڵەتی نەبێت لە هەندێک حاڵەتدا."

فوئاد ئەحمەد زراری دەڵێت، "راوکردنی باز و چۆلەکەی بووکە سوورە کە ماوەیەکی دیکە بۆ مانگێک وەکو کۆچەر بە هەرێمی کوردستان دا تێدەپەڕن، هەروەها ئاسک و ماسی و چەند ئاژەڵێکی دیکەی چیاکانی کوردستان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە، چونکە مەترسی لە ناوچوونیان لەسەرە، هەرکەسێک کە راویان بکات یاخود بازرگانیان پێوە بکات، رێکاریی یاسای بەرامبەر دەگیرێتەبەر."

گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە ئاماژەی بەوەکرد، "هەندێک جۆری باز هەیە نرخەکانیان دەگاتە 7 بۆ8 دەفتەر دۆلار، ئەمانە بۆ بازرگانی راودەکرێن، بۆیە راوکردنیان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە."

هاوکات بەختیار خالید، سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی مافی ئاژەڵان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راوچییەکان بەردەوامن لە راوکردنی هەموو جۆرە ئاژەڵێک؛ بە تایبەتی ئەوانەی مەترسیی لە ناوچوونیان لەسەرە، زۆر راوچی هەن لەبەر ئەوی پلەداری سەربازین دەستگیر ناکرێن."

سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی مافی ئاژەڵان گوتی، "داوا لە هاووڵاتییان دەکەم بە شێوازێکی یاسایی راو بکەن، ئێمە راوی یاساییشمان هەیە و دەتوانن پشت بەو یاسا ببەستن."

بەپێی حوکمەکانی مادەی 10 لە یاسای دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە 3ی ساڵی 2010، چەند مەرجێک بۆ راوکردن دیاریکراون کە ئەمانەن:

1. بەدەستهێنانی مۆڵەتی یاسایی لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە.
2. بەکارنەهێنانی تفەنگ و تەقینەوەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە.
3. بەکارنەهێنانی قڕکەرەکان و ژەهرەکانیان.
4. بەکارنەهێنانی کارەبا.
5. بەکارنەهێنانی ئۆتۆمبێل و رووناکی دەستی یان بلاجکتۆر.
6. راونەکردن لەناو پارێزراوە سرووشتییەکان.
7. بەکارنەهێنانی تفەنگی تایبەت بە راوکردنی ئەو ئاژەڵانەی رێگە بە راوکردنیان دراوە.
8. راونەکردن لە وەرزەکانی زاوزێ.
9. راونەکردن لە کاتی شەو.
10. راونەکردن لەسەر کانیاوەکان و چەم و رووبارەکان.

سەبارەت بە سزای  ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن فوئاد ئەحمەد دەڵێت، " رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر کە پێبژاردنە یاخود زیندانیکرد، لە راوکردنی ئاسک دا بڕی پێبژاردنەکە دەگاتە 15 ملیۆن، لە بازیش 10 ملیۆن دینار."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.