رووداو – ئەنقەرە
ئیدریس بالوكەن ، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراسی گەلان HDP رایگەیاند كە عەبدوڵڵا ئۆجەلان هیچ هەڤپەیڤین و بانگەوازێكی تەلەڤزیۆنیی نابێت و پارتی داد و گەشەپێدان AKP هەوڵدەدات خەڵك لە چاوەڕوانیدا بهێڵێتەوە .
ئیدریس بالوكەن كە لە هەمانكاتدا ئەندامی ئەو شاندەیە كە لەلایەن HDPەوە دەنێردرێتە زیندانی ئیمرالی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان ، لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسێكی هەواڵیی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK ، ئەوەشی راگەیاند كە "ئەوە بەشێكە لەو شەڕە دەروونیەی دەكرێت بۆ رزگاركردنی AKP لەو بارە ئالۆزەی تێیكەوتووە ". هەروەها رایگەیاند "ئەو هەواڵە تەنیا بۆ چەواشەكردنی خەڵكە ، ئێمە وەك شاندی ئیمراڵی هیچ زانیاریەكی بەوشێوەیەمان بەدەستنەگەیشتووەو نەبیستووە، تەنانەت كاربەدەستانی دەوڵەتی توركیاش گوتوویانە، شتی وەها نییە و هیچ پێشكەوتنێكی نوێ لە ئارادا نییە".
بەپێی زانیارییەكان ، هەفتەی رابردوو تیمێكی كەناڵێكی تەلەڤزیۆنیی توركی چووەتە دوورگەی ئیمراڵی، بەڵام تائێستا ناوی كەناڵە تەلەڤزیۆنییەكە ئاشكرانەكراوە .
گوتەبێژی HDP ئایهان بیلگەن، بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند بوو كە :" ئێمە هیچ زانیارییەكمان لەوبارەوە نییە كە كەناڵێكی تەلەڤزیۆنیی هەڤپەیڤینی لەگەڵ ئۆجەلاندا ئەنجامدابێت . بەڵام ئێمە ئەوەمان بیستووە كە بڕیارە كەناڵێكی تەلەڤزیۆنیی هەڤپەیڤین لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجامبدات."
هەروەها ئایهان بیلگەن ئەوەشیگوت كە بیستوویانە گرووپێك لە "لێژنەی پیاوانی ئاقلمەند" بڕیارە لەگەل ئۆجەلان دابنیشێت .
لەلایەكی دیكەوە پەرلەمانتاری AKP لە شاری مێردین، ئۆرهان میرئۆغلۆ بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوتبوو كە :"من لە كارمەندێكی كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی بیستوومە كە بڕیارە كەناڵیك دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، ئەنجامبدات" ، هەروەها گوتبووی دەنگۆی ئەوە هەیە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 1ی ئەیلولدا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ئاشتییەوە پەیامێك بڵاوبكاتەوە ، بەڵام هیچ زانیارییەكی پشتڕاستكراوەی لە حكومەتی توركیا نەبیستووە لەوبارەوە .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ