ماڵی میوزیکی زەهاوی، رۆژی پێنجشەممە 29ـی حوزەیرانی 2023 لە قەڵای هەولێر کۆنسێرتێکی بۆ گرووپێکی میوزیکی ئازەربایجان سازکرد.
گرووپە میوزیکییەکە ژمارەیەک ژەنیاری ناسراوی ئازەربایجانی لەخۆگرت و هونەرمەند نەزاکەت تەیمورۆڤا وەک گۆرانیبێژ لەگەڵیان بەشداربوو و گوڵبژێرێک لە بەرهەمی خۆی و فۆلکلۆری وڵاتەکەی پێشکێش کرد.
نەزاکەت تەیمورۆڤا بە رووداوی گوت: زۆر خۆشحاڵم لە هەولێرم و توانیم چەند گۆرانییەک پێشکێش بکەم. من یەکەمجارە بێمە هەرێمی کوردستان و عێراق و سوپاسی ماڵی زەهاوی دەکەم بۆ میواندارییەکەیان.
هەروەها هەژار زەهاوی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمساڵ بەرنامەکەیان نێودەوڵەتییە، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ میوزیک و گۆرانی ئازەربایجان تەرخانکراوە، مانگی تەممووز بۆ سوێد، ئاب بۆ پاکستان، ئەیلوول بۆ جەزائیر و تشرینی یەکەم بۆ ئیسپانیایە.