رووداو - هەولێر
وەزارەتی پێشمەرگە دەستی بە پڕۆژەیەكی چاكسازیی گەورە كردووە، دیار نییە پڕۆژەكە چ رێچكەیەك دەگرێتەبەر یان بە كوێ دەگات. بەرپرسانی پێشمەرگە جەخت لە پێشكەوتنێكی خێرا دەكەن، پشتیوانە نێودەوڵەتییەكان لەلایەن خۆیانەوە پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن كە هاوكارییەكانیان مەرجدارە.
هێزی پێشمەرگە هێزێكی نیشتمانی نییە، بەڵكو لە بنەڕەتدا دوو هێزی جودان لە ژێر سایەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا. پاش شەڕە خوێناوی و پڕخەرجییەكەی دژی داعش كە تێیدا زیاتر لە 1600 پێشمەرگە شەهید بوون و 10 هەزاری دیكەش بریندار بوون، پڕۆژەی یەكخستنی پێشمەرگە دەستیپێكرد.
لە 2017، لیژنەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە پێكهات، بەریتانییەكان هەرزوو هاتنە ناو مەسەلەكەوە، دواتر ئەمریكییەكان هاتن، هەروەها داوا لە ئەڵمانیاش كرا وەكو پشتیوانێكی سەرەكیی پێشمەرگە بەشداری پڕۆسەكە بێ. پڕۆژەی چاكسازی یان پڕۆژەی "پێشمەرگە لە ئایندەدا" پوختەی بیرۆكەكانی هەر چوار لایەنەكەیە كە 35 هەنگاو لەخۆدەگرێ. مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران و پارتی و یەكێتیش پشتگیرییان لە پڕۆژەكە كردووە.
عەمید روكن هەژار عومەر ئیسماعیل، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لەوبارەوە بە (رووداو)ی راگەیاند: "خاڵی گرنگ لە پڕۆژەكەدا هەن، لەوانەش نووسینەوەی ستراتیژی ئەمنیی هەرێمی كوردستان".
تاوەكو ئێستا كار لەسەر 13 هەنگاوی پڕۆژەكە كراوە، لە نێویشیاندا بە دیجیتاڵكردنی مووچە، باشتركردنی پەیوەندییەكان، نووسینی ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی و پێداچوونەوە بە ئاستی ئامادەگی ئۆپەراسیۆنەكان، بە گوتەی عەمید روكنەكەی وەزارەتی پێشمەرگە "كاری باش كراوە... بەڵام هێشتا كار ماوە بكرێ، چونكە پڕۆژەكان درێژخایەنن". پڕۆسەی چاكسازییەكەش "پێنج ساڵ یان زیاتری دەوێ، هەندێك لە 35 خاڵی پڕۆژەكە ئاسانن و دەكرێ لە چەند مانگێكدا جێبەجێ بكرێن، بەڵام هەندێكیان درێژخایەنن و ساڵانێكی زۆریان دەوێ".
بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە گەشبینە و پێیوایە پێكهاتنی حكومەت پڕۆسەكە خێراتر دەكات، بەڵام ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە "(پڕۆژەكە) كارێكی ئاسان نییە، كات و ئیرادەی سیاسی دەوێ، بێگومان پێویستی بە پشتگیری پارتە سیاسییەكان و حكومەتی هەرێمیشە، وەك چۆن توانایشی دەوێ. ئەوەی بینیومانە ئەوەیە ئیرادەیەكی سیاسی بەهێز بۆ سەرگرتنی پڕۆژەكە هەیە".
هاوبەشە بەریتانییەكان بەو رادەیەی لایەنی كوردی ئامادە نەبوون باسی پێشكەوتنی پڕۆژەكە بكەن، بەڵام ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە پشتی چاكسازییەكان بەرنادەن. مارتن وۆر، كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و كۆڵۆنێڵ ویل دەیڤس راوێژكاری تایبەتی وەزارەتی پێشمەرگە لە وەڵامێكی نووسراوی هاوبەشدا بۆ (رووداو) ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە "پابەندی بە چاكسازییەكان دەبێ دوولایەنە بێ. حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە دەستپێكی پرۆگرامەكەوە پشتگیری لە چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگە كردووە، چاوەڕێ دەكەین لە نزیكەوە لەگەڵ حكومەتە نوێیەكەی هەرێمی كوردستان كاربكەین بۆ ئەوەی قۆناغەكانی دواتری پرۆگرامە چاكسازییەكەیان رادەست بكەین".
دوو بەرپرسە بەیتانییەكە جەخت لەوەش دەكەنەوە كە سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق گرنگە و "چاكسازیی پێشمەرگە بەشێكە لەو پابەندییە و دەبێ لە پلانی بەرفراوانی چاكسازیی هەرێمی كوردستانی عێراقدا وەك پرۆگرامێكی خاوەن ئەولەویەت بێت".
لەسەر كاغەز پارتە سیاسییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان جەخت لەسەر پابەندی خۆیان بە هەوڵەكانی چاكسازی دەكەن، بەڵام شرۆڤەكارێكی كورد رای وایە ململانێی پارتی و یەكێتی لەمپەر بۆ پرۆسەكە دروستدەكات.
بیلال وەهاب، لە پەیمانگای واشنتن بۆ رۆژهەڵاتی نزیك، لەوبارەوە بە (رووداو)ی گوت: "گوێم لەو دروشمانە بووە، بەڵام هەوڵی بەرجەستە نابینم، ئاگام لەوە نییە پێشكەوتنێك روویدابێت، واتە پێشمەرگەیەكی یەكخراو كە لەبەردەم حكومەتی هەرێمدا وەڵامدەرەوە بێت، نەك دوو حیزبە بەهێزەكە".
نێوانی پارتی و یەكێتی لەدوای گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستان لە 2017 ئاڵۆزی تێكەوت، كاتێك هێزە عێراقییەكان دەستیان بەسەر ناوچە ناكۆكی لەسەرەكاندا گرت. پارتی هەندێك لایەنی ناو یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی لە كەركووك خیانەتیان كردووە. ناكۆكییەكان لەدوای ركابەریی هەردوو حیزب بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق پەرەیان سەند.
ماوەی چەند مانگێكە پارتی و یەكێتی سەرقاڵی دانوستاندنن، بۆ ئەوەی هەم ناكۆكییەكانیان چارەسەر بكەن و هەم بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات لە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستاندا رێكبكەون. یەكێك لە خاڵەكانی ناكۆكی نێوان هەردوو لایەنیش ئەوەیە هێزە ئەمنییەكان لەژێر دەسەڵاتی كام لایەن بن. گۆڕان داوا دەكات هێزی پێشمەرگە بە نیشتمانی بكرێ.
بیلال وەهاب لەوبارەوە گوتی: "ناكرێ باسی چاكسازیی پێشمەرگە بكەیت، ئەگەر حیزبەكان پێكەوە كار نەكەن بۆ ئەو مەبەستە". چونكە بە بۆچوونی ئەو چاكسازییەكان تەنیا لایەنی تەكنیكی سەربازیی ناگرنەوە، بەڵكو دەبێ سیاسیش بن.
پارتی و یەكێتی یەكەی پێشمەرگەی خۆیان هەیە، پارتی یەكەی 70ی هەیە و یەكێتیش یەكەی 80. زۆر لە هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا كاردەكەن، بەڵام هەركامیان زنجیرەیەكی فەرمانی جیاوازیان هەیە و هیچ یەكڕیزییەك لە نێوان هێزەكانی هەركام لە پارتەكاندا نییە.
شارەزاكەی پەیمانگای واشنتن ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە چاكسازییەكانی پێشمەرگە لە بنەڕەتدا پەیوەندیی بەوەوە هەیە ئاخۆ پێشمەرگە سەر بە كوێیە، واتە "ئایا پێشمەرگە سوپای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، یان باڵی چەكداری پارتە سیاسییەكانە"، لە كاتێكدا "حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پارتی و یەكێتی پێكهاتووە، كەچی ئەوان نایانەوێ پێشمەرگەی خۆیان بە حكومەتەكەی خۆیان بدەن".
بیلال وەهاب پێیوایە بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی دەست لە هێزە چەكدارییەكانی خۆیان هەڵگرن، پێویستە دەسەڵاتی یاسا و متمانە بە دامەزراوەكانی حكومەت هەبێ، بەڵام ئەویش وەك عەمید روكن هەژار عومەر ئیسماعیل گەشبینە بەوەی كاتێك حكومەتی نوێ پێكهێنرا، چاكسازییەكان دەكەونە سەر رێچكە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ