رووداو دیجیتاڵ
غایب جووتیارێکی گوندی ترکەشانی شارۆچکەی لەیلانە لە باشووری رۆژهەڵاتی کەرکووک، لە دوورەوە لە زەویی برا، مامم و خاڵوانی دەڕوانێت کە عەرەبی هاوردە دەستیان بەسەرداگرتووە و سەرقاڵی تۆوکردنین.
عەرەبی هاوردە دەستیان بەسەر 19 دۆنم زەویی ئەو جووتیارەدا گرتووە و دەیانەوێت دەست بەسەر 30 دۆنم زەویی دیکەیشیدا بگرن، پێیان گوتووە، نەچێتە سەر زەوییەکانی و کشتوکاڵی تێدا نەکات.
غایب محەممەد، لە دووریی زەوییەکانییەوە قسەی بۆ کردم، گوتی، "عەرەبە هاوردەکان دێنە سەر زەوییەکانمان و دەڵێن، داگیری دەکەین، ئەم زەوییانە موڵکی باووباپیرانمانن و تاپۆکەیان بەناوی خۆمانەوەیە، 30 دۆنم زەویم هەیە، 15ـەیان بردووە، لە شوێنێکی دیکەش چوار دۆنمی دیکەیان داگیرکردووە."
عەرەبی هاوردە بە چەکەوە چوونەتە سەر ئەو جووتیارە کوردانە، غایب محەممەد باسی ئەو رۆژەی کرد کە هەڵیان کوتاوەتە سەریان و گوتی، "پیکابێک پیاویان هێنابوو، من و براکەیشم تەنیا بووین و کەس فریامان نەکەوت، گوتیان نابێت تۆوی بکەن، ئێستا ئێمە بە چاونەترسی ئەم کارە دەکەین، بەخوا بێنە سەرمان لێرە زیندەبەچاڵمان دەکەن."
لە سنووری شارۆچکەی لەیلان، زیاتر لە 2158 دۆنم زەویی کورد و تورکمان هەوڵی تەعریبکردنیان دەدرێت و بە پشتیوانیی سوپای عێراق رێگە نادرێت جووتیارانی کورد و تورکمان کشتوکاڵی تێدا بکەن.
محەممەد عەلی، دانیشتووی گوندی ترکەشانە و دەڵێت، "عەرەبەکان هەوڵ دەدەن بە هەموو جۆرێک، جا بە پارە بێت یان واستەکردن دەست بەسەر زەوییەکانماندا بگرن. تائێستا توانیویانە ئەو کارە بکەن و کۆمەڵێک زەویمان رۆیشتوون، زیاتر لە سێ پارچە زەویمان ئێستا لەلای عەرەبەکانن و ئەوان تۆوی دەکەن، لێرە هیچ هێزێکی وەڵامدەرەوە نییە و تەنیا سوپا هەیە کە ئەوانیش پاڵپشتیی عەرەبەکان دەکەن."
ژمارەیەک عەرەبی هاوردە لە دادگە سکاڵایان لەسەر جووتیارانی کورد تۆمارکردووە و دادوەرێکی دادگەی کەرکووکیش مۆڵەتی 15 رۆژی بە سێ جووتیاری کورد داوە، مەڕەشە و کەرەستە کشتوکاڵییەکانیان لەسەر زەوییەکان هەڵبگرن و بۆ عەرەبی هاوردەی جێبهێڵن.
محەممەد وەیس، بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان دەڵێت، "دادگە سەیری نووسراوەکان دەکات، من لەگەڵ چەند دادوەرێک قسەم کردووە و دەڵێن، "ئێمە تەماشای نووسراوەکان دەکەین و نووسراوی کشتوکاڵیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە گرێبەستی عەرەبەکان کارایە و دەبێت منیش بڵێم کارایە، چارەسەری ئەم کێشەیە لەلای پەرلەمانە و کێشەیەکی یاساییە و کاری ئەوانە."
دەستبەسەرداگرتنی زەویی کورد و تورکمان لە لەیلان لە کاتێکدایە کە لیژنەی باڵای مادەی 140ـی دەستوور و وەزارەتی دادی عێراق بە بڕیاری 29 بڕیاریداوە زەوییە تەعریبکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ