رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی پلەی گەرما دادەبەزێت. کەشناسێکیش دەڵێت، شەپۆلێکی بارانبارین لە رۆژی شەممەوە بە لاوازی دەستپێدەکات و یەکشەممە چەقی شەپۆلەکە دەبێت.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "شەممەی داهاتوو سەرەتای شەپۆلی بارانبارین دەبێت، بەڵام سنووری سلێمانی و گەرمیان دەگرێتەوە و بارانی کەمیش دەبارێت."
بە گوتەی ئەو کەشناسە، چەقی شەپۆلەکە رۆژی یەکشەممە دەبێت. گوتیشی "یەکشەممە، بارانی سەرتاسەری باش دەبارێت، بەتایبەت لە سنووری هەولێر، سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، رێژەی بارین زیاتر دەبێت و هەورەبرووسکەی تووندیشی لەگەڵدا دەبێت، هەروەها مەترسیی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاوی لێ دەکرێت."
محەممە کەمال گوتی، رۆژی دووشەممە بارانبارین بە لاوازی بەردەوام دەبێت. دەشڵێت: "سێشەممە شەپۆلەکە بە تەواوی لاواز دەبێت و چوارشەممە کۆتایی دێت".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە؛ لە شەپۆلەکەدا خێرایی با چالاک دەبێت و پلەی گەرما 8 پلە دادەبەزێت.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی چوارشەممەوە، ئەمڕۆ کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و بەراورد بە ئەمڕۆ، پلەی گەرما کەمێک دادەبەزێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 25 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 24 پلەى سیلیزى
دهۆک: 23 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 26 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 25 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 25 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 11پلەى سیلیزى
سۆران: 23 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 27 پلەى سیلیزى
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ