رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا رایگەیاند، لە سلێمانی پێچەوانەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان "تەوتین" دەستیپێکردووە. دەشڵێ "جگە لە 'هەژماری من'، هیچ پڕۆژەیەکی دیکە پەسەندکراو نییە."
نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئەمڕۆ (سێشەممە، 29-10-2024) بە ژمارە 32015 و واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی دەرچووە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیس، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی کراوە.
لە نووسراوەکەدا کە وەڵامی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، هاتووە "هەندێک دامەزراوە لە پارێزگای سلێمانی و هەندێک شوێنی دیکە، پێچەوانەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، دەستیان بە پڕۆسەیەکی دیکە کردووە بە ناوی (تەوتین) لە دەرەوەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان."
وەزارەتی ناوخۆ بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی راگەیاندووە "ئاگادارتان دەکەین، جگە لە پڕۆژەی 'هەژماری من' هیچ کار و بەرنامەیەکی دیکەی بەدیجیتاڵکردنی مووچەی کەرتی گشتیی پەسەندکراو نییە. کاری پێویست بکەن بە هاوکاریکردن و ئاسانکاری بۆ تیمەکانی 'هەژماری من' بۆ ئەوەی کارەکانیان تەواو بکەن."
بەگوێرەی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان. کە بۆ رووداو نێردراوە، لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەی ژمارە 13ـی چوارشەممە 02-08-2023 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری، بڕیاری پڕۆژەی 'هەژماری من' دراوە.
نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ لەکاتێکدایە، لە نووسراوێکدا کە ئەمڕۆ رووداو بڵاویکردەوە، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دایە بانکە بازرگانییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و رایگەیاند، هەر کەسێک ئاستەنگ و رێگری بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی 'هەژماری من' دروست بکات، دووچاری لێپرسینەوە دەبێت.
تاوەکو ئەمڕۆ 219 ئامێری راکێشانی پارە کە بە (ATM) ناسراون لە 71 شوێنی جیادا لە هەرێمی کوردستان دانراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ