رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رابگەیێندرێت. گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، لایەنەکان سێ رۆژیان بۆ تانەدان هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی یاسا، دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، حیزبەکان و بەربژێرەکان سێ رۆژیان بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە هەیە".
جومانە غەلای گوتی، "ئەو کەس و لایەنانەی ناڕازین دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن و دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانیش لە 10 رۆژدا تانەکان یەکلایی دەکاتەوە".
گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد، "رۆژی پێنجشەممە، 31ـی تشرینی یەکەم، دەست بە وەرگرتنی تانەکان دەکرێت. رۆژی هەیینیش نووسینگەکانی کۆمیسیۆن بۆ وەرگرتنی تانەکان کراوە دەبن".
رۆژی 21ــی مانگ کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکەی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکە، ژمارەی کورسیی لایەنەکان لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:
پارتی؛ 39 کورسی
یەکێتی؛23 کورسی
نەوەی نوێ؛ 15 کورسی
یەکگرتوو؛ 7 کورسی
رەوتی هەڵوێست؛ 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەری؛ 3 کورسی
بەرەی گەل؛ دوو کورسی
گۆڕان؛ یەک کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان؛ یەک کورسی
دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکە بەشێکی حیزب و بەربژێرە سەربەخۆکان رەخنەیان لە پرۆسەکە گرت و رایانگەیاند، "ساختەکاری"کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ