رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق 200 لیتر نەوت بۆ ئاوارەکانی کەمپەکانى دهۆک دەنێرێت و بە دوو قۆناخ پێیان دەدرێت.
عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "فەرمانی ناردنى ئەو 200 لیتر نەوتە بۆ ئاوارەى کەمپەکانى دهۆک لە 28ـی تشرینى یەکەم دەرکراوە، ئەویش بەهۆى هاتنى وەرزى سەرما و دابەزینى پلەکانى گەرما."
نزیکەى 20 هەزار خێزانى ئاوارە لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستانن، کە زۆرینەیان لە سنوورى پارێزگاى دهۆکن.
عەلى جەهانگیر گوتی، دەستیان کردووە بە گرتنەبەرى رێوشوێنە کارگێڕییەکان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان بۆ دابینکردنى ئەو نەوتە کە بە دوو جار پێیاندەدرێت و، هەر جارێک 100 لیتر نەوت دەدرێت.
زۆرینەى ئاوارەى کەمپەکانى دهۆک، کوردانى ئێزدیی شنگال و خەڵکى ناوچەکانى دیکەى سنوورى پارێزگاى نەینەوان.
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق گوتى "لە ماوەی مانگێکدا ئەو نەوتە دابین دەکرێت، تاوەکو دابەش نەکرێت نازانرێت چەند خێزان دەگرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ