عەلی عەللاق: بە دوو رێگا قەیرانی داراییمان لە عێراق کەمکردووەتەوە

30-10-2016
رووداو @Rudawkurdish
کۆنفرانسی ئابووری لە زانکۆی ئەمریکی دهۆک بەڕێوەچوو
کۆنفرانسی ئابووری لە زانکۆی ئەمریکی دهۆک بەڕێوەچوو
نیشانەکردن قەیرانی دارایی
A+ A-

رووداو - دهۆک   

کۆنفرانسێکی ئابووری لە زانکۆی ئەمریکی دهۆک سازکرا و کێشە داراییەکانی عێراقی تێدا خرایە روو، عەلی عەللاق لە کۆنفرانسەکەدا باسی رەوشی دارایی عێراقی کرد و رایگەیاند: بە دوو رێگا قەیرانی داراییمان لە عێراق کەمکردووەتەوە.

لە کۆنفڕانسەکەدا کە رۆژی 29-10-2016 سازکرا گەورە بەرپرسانی دارایی و ئابووری عێراق بەشداریان تێداکرد و عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند "بەهۆی وەبەرهێنانی بانکەکان، توانیمان 4 تریلیۆن دینار دەست بخەین، ئەمەش رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە باشبوونی دۆخی ئابووری عێراق". 

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە بەشێکی گوتەکانیدا جەختیکردەوە لەوەی "لەبەر دابەزینی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی داهاتەکان ناچاربووین بۆ راگرتنی ئابووری عێراق چەندین رێوشوێن بگرنەبەر".

رێگەدان بە بانکەکان بۆ وەبەرهێنان کاریگەری لە کەمکردنەوەی رێژەی بێکاریهەبووە


عەلی عەلاق ئەو رێوشوێنانەی باس کرد کە گیراونەتەبەر بۆ سوکترکردنی قەیرانی دارایی عێراق و گوتی "بۆ ئەوەی بتوانین قەیرانی دارایی سووکتر بکەین، رێگەمان دا بانکەکان وەبەرهێنان بکەن بە نیوەی ئەو پارانەی لایانە و یەدەگ کراون، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی سوود لە 4 تریلیۆن دیناری ئەو بانکانە ببینین. ئەگەر ئەو بڕە پارەیە نەبوایە، ئێستا دۆخی عێراق خراپتر دەبوو. هەروەها ئەو وەبەرهێنەرانەی پارەکانیان کشاندووەتە لە بانکەکان ناچارکراون هەر کاتێک پێویست بێت دیسان پارەی خۆیان بگەڕێننەوە بانکەکان، بۆ ئەوەی بارگرانی قەیرانی دارایی سووکتر بێت. کێشەی دیکەی ئێمە کێشەی بێکارییە رێگەدان بە بانکەکان بۆ وەبەرهێنان کاریگەری لە کەمکردنەوەی رێژەی بێکاریش هەبووە. دەبێت ئابووری عێراق جارێکی دیکە چالاک بکرێتەوە".

یەکێک لەو رێگە چارانەی حکومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی گرتووەیەتیە بەر، وەرگرتنی قەرزە لەلایەن سندووقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیهانی. فازل نەبی، بریکاری وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەو گرفتانە دا کە لە کاتی وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی رووبەڕووی بوونەتەوە.

 

 مەرجە رووبکەینە چاکسازی ئابووری


فازڵ نەبی، بریکاری وەزیری دارایی عێراق لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند "پێش ئێستا ناوەندە داراییەکان پۆلێنیان بۆ عێراق نەکردبوو، ئەو کاتەی ئێمە دەستمانکرد بە دانووستاندن بۆ وەرگرتنی قەرز، پێمانوابوو تەنانەت ئەو پۆلێنکردنە سوودی بۆ عێراق نابێت لەوەی سوودی قەرزەکان کەمبکرێنەوە بۆ رێژەی لەسەتا 10.5، هەرچەندە ئەوەش خۆی رێژەیەکی بەرزە، لەبەرئەوە بیرمان لەوە کردەوە راستەوخۆ لەگەڵ ئەو ناوەندانە کاربکەین کە مامەڵە لەگەڵ سندووقی نێودەوڵەتی دراو دەکەن. ئەوانیش مەرجی زۆریان خستەسەرمان. سندووقی نێودەوڵەتی دراو بە ئێمەی گوت ناتوانین پارەتان پێبدەین ئەگەر هیچ گەرەنتییەک نەبێت کە ئەو قەرزانە دەگەڕێندرێنەوە. لەبەرئەوەش وەکو مەرج دەبێت رووبکەینە چاکسازی ئابووری".

بەگوتەی شرۆڤەکاران، بەردەوامبوونی پێدانی قەرزەکان بە عێراق لە لایەن ناوەندە داراییە نێودەوڵەتییەکانەوە، پەیوەستە بەو چاکسازییانەی عێراق دەیانکات، چونکە تاوەکو ئێستا تەنیا بەشێکی کەم لەو قەرزە 16 ملیار دۆلارییە دراوە بە عێراق کە داوای کردووە.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە