رووداو دیجیتاڵ
کەشناسێک پێشبنی دەکات، ئێوارەی سێشەممە شەپۆلێکی بارانبارین سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بگرێتەوە و لە چەند ناوچەیەک ببێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەپۆلەکە ئێوارەی سێشەممە دەستپێدەکات و چەقەکەی پارێزگای سلێمانی دەبێت و لە هەڵەبجە، کەرکووک، ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و سۆرانیش لاواز دەبێت.
بە گوتەی ئەو کەشناسە، "لە چەند شوێنێکی سنووری پارێزگای سلێمانی ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە. لە چەند شوێنێکی هەمان ناوچەش باران نابارێت یان زۆر کەم دەبارێت."
لەبارەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیشەوە ئاراس جەبار گوتی، "پێشبینی باران لەو دوو پارێزگایە ناکرێت."
شەپۆلی هاوشێوەی باران لە ساڵانی رابردوودا کۆتایی مانگی 10 و 11 باری و ئەوەی ئێستا روودەدات ئەنجامەی گۆڕانی کەشوهەوایە، ئەمەش بەگوتەی ئاراس جەباری کەشناس.
خێرایی با کەی کۆتایی دێت؟
دوو رۆژە لە بەشێکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان خێرایی با چالاکە. لەو بارەیەوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ خێرایی با مام ناوەند دەبێت لەنێوان 10 بۆ 25 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، بەڵام لە سلێمانی، کەرکووک و گەرمیان چالاکە بۆ 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و ئێوارە خێراییەکەی کەم دەبێتەوە."
ئاراس جەبار دەڵێت، خێرایی با ئەمڕۆ لاواز دەبێت و سبەی تاوەکو نیوەڕۆ کەشەکە ئاسایی دەبێتەوە.
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما "کەمێک" بەرز دەبێتەوە و خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبیت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 35 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 30 پلەی سیلیزی
دهۆک: 36 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 37 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 34 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 36 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 20 پلەی سیلیزی
سۆران: 31 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 38 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ