رووداو - کەرکووک
سێ رۆژە لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک خۆپێشاندانە؛ بەشێکیان هی گوندەکانی دەوروبەری کەرکووکن و بەشێکیشیان بەپێی زاراوە لە خەڵکی دیالە و بەغدا دەچن.
جەبار، خۆپێشاندەر دەڵێت، "کەرکووک پشت بە خوا بە عێراقی دەمێنێتەوە و ئاڵای عێراق بە بەرزی دەمێنێتەوە و ئامانج و داواکاریمان یەکە و لێرە دەمێنین لەپێناو بەرگریکردن لە کەرکووک. ئێمە خاوەنی کەرکووکین و لێرە دەبین و پاشەکشێ ناکەین تاوەکو ئەو بڕیارە هەڵنەوەشێندرێتەوە، چونکە کەرکووک بە عێراقی دەمێنێتەوە."
زاکر خەڵەف، خۆپێشاندەر ئاماژە بەوە دەکات، "لە ساڵی 2017وە تاوەکو ئەم ساتە ئاسوودەین، دەمانەوێت ئاڵای عێراق هەر بەرز بێت و کورد و عەرەب و تورکمان لە پارێزگاکەدا برا بین؛ لەبەر ئەم هۆکارانە تکا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە."
کەسی یەکەمی عەسایب ئەهلی حەق لە کەرکووک دەڵێت، "رێگەکان ناکرێنەوە و داخستنیان لە دەرئەنجامی تووڕەیی ئێمە بووە و دەمانەوێت بەو شێوەیە دەنگمان بگەیێنین بە حکومەتی عێراق." ئەو لەنێو خێمەی مانگرتووان دەنگی بەرزە و دەشڵێت، تاوەکو هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، بەردەوام دەبن.
سجاد مەهدی، سەرپەرشتیاری عەسایب ئەهلی حەق لە کەرکووک گوتیشی، "بۆ هەر کارێک کاردانەوەیەک هەیە، کە لە کارەکە بەهێزتر دەبێت، کاردانەوەی ئێمە بۆ داخستنی شەقامەکان بۆ ئەوەیە هەست بە ئێمە بکرێت و ئێمەش سۆزی باوکایەتیمان لە حکومەت دەوێت، ئێمە ناتوانین رێگەکان بکەینەوە و مانگرتنمان بەردەوام دەبێت، رێگەکان هەر بە داخراوی دەمێننەوە تاوەکو هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، نەک دواخستنی بڕیارەکە، بەڵکو ئێمە ئەمڕۆ داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەکەین."
هەرچەندە ئاڵای لایەنێکی تورکمانی لەنێو مانگراتووان دا هەڵدراوە، بەڵام بەرەی تورکمانی کە زۆرترین دەنگی تورکمانەکانی کەرکووکی هەیە، ناڕاستەوخۆ دژی ئەو رێگرتن و مانگرتنەیە.
قەحتان وەندەلاوی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانیی عێراق رایگەیاند، "بەرەی تورکمانی وای دەبینێت ئەم بابەتە دواخستن هەڵناگرێت و داوا لە حکومەتی ناوەندی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین ئەم بابەتە چارەسەر بکەن و، بڕیار بدات لەسەر رەگ و چارەنووسی بیناکە لە نزیکترین کاتدا."
هەرچەندە تائێستا هێز بە دژی مانگرتوواندا نەجووڵێندراوە، بەڵام گوشار و داوای هێزە ئەمنییەکان بۆ کردنەوەی رێگەی سەرەکیی کەرکووک - هەولێر بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ