10 ساڵ دوای هێرشی داعش، بەشێکی شنگالییەکان بیر لەجێهێشتنی قەزاکە دەکەنەوە

29-07-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
شنگالییەکان بیر لە جێهێشتنی شارەکەیان دەکەنەوە
شنگالییەکان بیر لە جێهێشتنی شارەکەیان دەکەنەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای 7 ساڵ لە تێکشکاندنی داعش لە کۆی 300 هەزار ئاوارەی شنگال تەنیا 43٪ـیان گەڕاونەتەوە قەزاکە و بەهۆی بێ خزمەتی و جێبەجێکردنی یاسای قەرەبووکردنەوەیان بە نیوەچڵی، بەشێکیان بیر لەجێهێشتنی قەزاکە دەکەنەوە.
 
ریحان ئیسماعیل تەمەنی 24 ساڵە لە 2014 لەلایەن داعشەوە رفێندرا، کاتێک رێکخراوە پەڕگیرەکە هێرشیکردە سەر شنگال و دەوروبەری. دوای چەندین جار مامەڵەکردن پێوەی و گواستنەوەی بۆ سووریا، دواجار لە تورکیا دۆزرایەوە و گەڕێندرایەوە زێدی باپیرانی.
 
لەکاتی گەیشتنی ریحان ئیسماعیل بە گوندی حەردەن لە نزیک شنگال، گۆڕستانێکی بچووکی بەرچاو دەکەوێت. لەو گۆڕستانەدا سێ برای و دەیان کوردی دیکەی ئێزدی شاردراونەتەوە، دوای ئەوەی کۆمەڵکوژ کرابوون.
 
ئەو کچە ئێزدییە دەڵێت: "هەموویان رۆیشتن. تەنیا ئێسک و پرووسکی بچووکیان لەنێو تابووت بۆ گەڕاندینەوە. هەموویان شاردراونەتەوە. کەس ناتوانێت بە تەنیشتیاندا تێپەڕێت. شوێنەکە کەوتووەتە سەر رێگەی سنوونێ و شنگال".
 
دوای 7 ساڵ لە تێکشاندنی داعش، لە زیاتر لە 300 هەزار ئاوارە، تەنیا 43٪یان گەڕاونەتەوە شەنگال. ریحان و براکەی لە گەڕاوەکانن کە تاوەکو ئەمڕۆ بێ خزمەتی و جێبەجێکردنی یاسای قەرەبووکردنەوەی رزگاربووانی دەستی داعش بە نیوەچڵی، ناهێڵێت سەتان کەسی هاوشێوەیان لێرە دەست بە ژیانێکی نوێ بکەنەوە.
 
ریحان ئیسماعیل باس لەوەش دەکات: "دەمەوێت لێرە لەگەڵ براکەم بمێنمەوە، بەڵام هۆکارێک نادۆزمەوە لە عێراق بمهێڵێتەوە. رزگار بوو بیت یان نا، عێراق چی دیکە هیچ مانایەکی نییە."
 
لە شنگال چیرۆکی دیکەی لەو جۆرە هەن، بەرەکات خەلیل 7 ساڵ ئارەقی رشت تاوەکو لەنێو شنگال خانووەکەی تەواوکرد، بەڵام داعش لە 2014 تەقاندییەوە.
 
ئێستا بەرەکات لەگەڵ 9 ئەندامی خێزانەکەی گەڕاوەتەوە شنگالێکی وێرانە و ناکۆکی سیاسی لەبارەی بەڕێوەبردنی قەزاکە و بێ خزمەتگوزاری ئەوی کردووەتە کرێچی.
 
بەرەکات خەلیل باسی خانووە خاپووربووەکەی دەکات: "ئەمە ژووری میوان بوو. یەک ژووری خەوتن لێرەبوو. ئەمە ژوورێکی پێنج بە چوار و ئەمە چوار بە چوار و ئەمە گەرماو بوو. ئەمە هۆڵ و ئەمەش چێشتخانە و ئەمەش مەڕمەڕەکەی."
 
داعش لە سەرەتای ئابی 2014 هێرشی کردە سەر شەنگال و دەوروبەری، 6417 کوردی ئێزدی رفاند، 3570 کوردی ئێزدی رزگارکراون، چارەنووسی 2646 کەس دیارنییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

رووداو دەیان بەڵگە لەبارەی پارێزگای سلێمانی بڵاودەکاتەوە؛ دەسەڵاتی دامەزراندن و کڕینی ئۆتۆمبێل بە پارێزگار دراوە

رۆژی شەممە، 21-12-2024ـی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) دەیان بەڵگە لەبارەی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بڵاودەکاتەوە، بەڵگەکان فەرمانی دامەزراند، کڕینی ئوتۆمبێل و زیادکردنی پێشینە و خەرجکردنی پارەیان تێدایە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان زۆرترین دەسەڵاتی بە پارێزگاری سلێمانی بەخشیوە. پاش کەمێکی دیکە وردەکاری دەبیستن.