رووداو دیجیتاڵ
ئەمساڵ دەیان هەزار شیعە مەزهەب لە حەوت شوێنی جیاجیای کەرکووک بەشداریی رێوڕەسمەکانی عاشوورایان کرد. پیاوێک کە سەرپەرشتیی شیعەکانی کەرکووک دەکات دەڵێت، تاوەکو دێت شیعە لە شارەکەدا زیاتر دەبێت.
شێخ مستەفا، ئیمامی سەرپەرشتیاری بەشێک لە شیعەکانی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمساڵ جیاواز بوو لەگەڵ ساڵانی دیکە، لەبەرئەوەی برایەتی زیادبوو، ئارامی و ئاسایش هەندەرێکی باش بوو بۆ زیادبوونی گەژاوە و لەیەکتێگەیشتنی نێوان لایەن و پێکهاتەکان وایکردووە پشت بەخوا کەژاوە و دروشمەکانمان زیاتر ببێت."
شیعەکانی کەرکووک بەسەر هەردوو نەتەوەی تورکمان و عەرەب دابەشبوون و جگە لە دەسەڵاتی کارگێڕی، خاوەنی هێزێکی زۆری سەربازین و هەر ئەمەش بە هۆکاری زیادبوونی پەیڕەوانی مەزهەبەکەیان دەزانن.
کەڕاڕ هادی، شۆفێری تەکسی گوتی، "شیعەی عەلی لە کەرکووک لە زیادبووندایە و ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت، بەڵام نازانین هۆکارەکەی ئەوە بوو پێش 16ی ئۆکتۆبەر ترسیان هەبوو و نەیانتوانی دەربکەون و ئێستا دوای حکومڕانیی کورد [لە کەرکووک] زیاتر ئازادن یان هۆکاری دیکەی هەیە، بەڵام ئەوەی روونە هەموو ساڵێک زیاتر دەبین."
ئەحمەد جاسم، مامۆستای خانەنشین باس لەوە دەکات، "ماشاالله رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبین و قەرەباڵخ دەبێت و خێرکردن زۆر دەبێت و هەموو کەسێک روو لەم رێگەیە دەکات، کە رێگەی پێغەمبەر و رێگەی ئیمام عەلی و قورئانە."
شیعەکان لە مانگی موحەڕەمدا 40 رۆژ رەش دەپۆشن و شین دەگێڕن و لەخۆیان دەدەن، ئەوان لە کوژرانی حوسێنی کوڕی ئیمام عەلی خۆیان بە تاوانبار دەزانن و بەو شێوەیە داوای لێخۆشبوون دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ