مامۆستایەکی ئایینی لە حاجیاوا ئۆتۆمبێلێک دروست دەکات؛ بە پێنج لیتر بەنزین 150 کیلۆمەتر رێدەکات

30-06-2024
ئەبوبەکر ئیسماعیل
ئۆتۆمبێلی جاڵجاڵۆکە
ئۆتۆمبێلی جاڵجاڵۆکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مامۆستایەکی ئایینی لە دەڤەری راپەڕین، ئۆتۆمبێلێک دروست دەکات و کاروبارەکانی رۆژانەی پێ رادەپەڕێنێت، ئۆتۆمبێلەکەی ناوی جاڵجاڵۆکەیە و بۆ هەر شوێنێک دەچێت، سەرنجی خەڵک رادەکێشێت.
 
جێگر خدر، ناسراو بە مەلا جێگر مێدێرەیی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی ئیمام حەمزەیە لە ناحیەی حاجیاوای ئیدارەی راپەڕین، لەپاڵ گوتارخوێنییەکەی، خولیای کاری میکانیکیشی هەیە بەو هۆیەوە ئۆتۆمبێلەکەی دروست کردووە.
 
مەلا جێگر دەڵێ "خولیای دروستکردنی ئۆتۆمبێلم هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا پێویست بوو بۆ من، کە ئۆتۆمبێلم هەبێت بۆ راپەڕاندنی کاروباری رۆژانە، هەروەها بۆ ماڵەوەش سوودی لێ ببینین. گرنگترین خاڵیش ئەوەیە؛ ئیسلام هانی موسڵمانان دەدات داهێنان بکەن."
  
لە دروستکردنی ئۆتۆمبێلەکەدا هەوڵی داوە لەگەڵ یاساکانی هەرێمی کوردستان بیگونجێنێت، بۆیە شوێنی شۆفێر لەلای چەپی ئۆتۆمبێلە، هاوشێوەی هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە هەرێمی کوردستان کاریان پێدەکرێت.
 
ئۆتۆمبێلەکە بە گوتەی مەلا جێگر "گێڕ عادییە و پێنج گێڕە. باشترین ئیستۆپیشی لەسەرە، کە ئیستۆپی عادی پێدەگوترێت و زۆر دەگمەن تێکدەچێت و بۆ سەلامەتیی سەرنشینەکان زۆر گونجاوە."
 
کە ئۆتۆمبێلەکەی دروستکردووە، سەرەتا هیچ ناوێکی لێ نەناوە، بەڵام دوای ئەوەی خەڵک بینیویانە، پێشنیازیان کردووە ناوی لێ بنێت "جاڵجاڵۆکە"، ئەویش بەلایەوە پەسەند بووە و ئەو ناوەی لێناوە.
 
مەلا جێگر باس لەوەش دەکات "بزووێنەرێکی 200 سایزی ئێرانیم لە بەشی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکە جێگیر کردووە، چونکە بەتوانایە و دەتوانێت لە شوێنی بەرز و سەختیش جووڵەی پێبکات و گرفتی بۆ دروست نەکات."
 
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئۆتۆمبێلی جاڵجاڵۆکە، ئەوەیە سووتەمەنیی کەمی پێویستە، مەلا جێگر دەڵێ "ئۆتۆمبێلەکە بە بەنزین کار دەکات و بۆ 150 کیلۆمەتر، کەمتر لە پێنج لیتر بەنزینی پێویستە."
 
مەلا جێگر بە ئۆتۆمبێلەکەی بە هەر شوێنێکدا بڕوات، سەرنجی هەمووان رادەکێشێت، وەک خۆی دەڵێ "لەسەر شەقامەکانیش ئەو کەسەی ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت، حەزی لێیە سەیری ئۆتۆمبێلەکەی من بکات، پێدەکەنن و خۆشحاڵ دەبن، پێیان شتێکی سەرنجڕاکێشە."
 
جگە لەوانەی سەرسامن بە کارەکەی، هەندێکیش هەن رەخنەی لێدەگرن، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی پێیان وایە دەبوو جوانتر بێت، کە مامۆستا ئایینییەکە بەو توانجە سەخڵەت نییە و دەڵێ "ئەوان هەقیانە. بەڵام خەڵکیش هەیە رەخنە دەگرێت، کەچی خۆی توانای دروستکردنی پاسکیلێکیشی نییە."

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە