لە دووەم رۆژی جەژندا تەنیا 8 گوێرەکە و 10 مەڕ لە سەربڕخانەی هاوچەرخی دهۆک کرانە قوربانی

30-06-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
سەربڕخانەی هاوچەرخی دهۆک
سەربڕخانەی هاوچەرخی دهۆک
A+ A-

رووداو - دهۆک

لە رۆژانی جەژندا لە مەیدانی ئاژەڵانی دهۆک قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبوو، بەشێک لە هاونیشتمانییان هەر لەوێ ئاژەڵەکانیان دەکڕی و لەنێو دووکانە کاتییەکانی مەیدانەکەدا سەریان دەبڕی و دەیانکردە قوربانی. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە سەربڕخانەکاندا تەنیا 8 گوێرەکە و 10 مەڕ کرانە قوربانی.
 
دەیان دووکانی کاتی لەنێو مەیدانی ئاژەڵانی دهۆک دانراون. تەنیا لەنێو یەکێک لە دووکانەکان زیاتر لە 100 ئاژەڵ سەربڕدران بۆ قوربانی، بەڵام لەنێو ئەو قەرەباڵخییەدا وەکو پێویست رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان نەکرا بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.
 
یونس محەممەد، گۆشتفرۆش بە رووداوی گوت، "ئەمساڵ قوربانیکردن باشە، جێگەکەمان خاوێنە و کێشەی نییە، ئاومان هەیە و ئاژەڵەکانیش تەندروستن."
 
لەنێو مەیدانەکەدا بەبێ پشکنین ئاژەڵەکان سەردەبڕدرێن، رێنماییەکانیش وەکو پێویست جێبەجێ ناکرێن و بەشێک لە قەسابەکان لەسەر جادە ئاژەڵەکان سەردەبڕن.
 
لە دوو رۆژی یەکەمی جەژندا تەنیا هەشت گوێرەکە و 10 مەڕ لە سەربڕخانەی هاوچەرخی دهۆک کرانە قوربانی، بەڵام لەنێو مەیدانی دهۆکدا بە سەدان ئاژەڵ کرانە قوربانی.
 
د. نزار جەمیل، سەرپەرشتیاری سەربڕخانەی هاوچەرخی دهۆک بە رووداوی گوت، "ئەگەر خەڵک پابەندی رێنماییەکان بووبا، تاوەکو ئێستا دەبوو نزیکەی دوو هەزار سەرئاژەڵ لەم سەربڕخانەیەدا کرابانە قوربانی، چونکە لێرە کاتێک ئاژەڵ سەردەبڕدرێت، راستەوخۆ خوێنەکەی دەچێتە نێو جۆگەیەکەوە و لە ئاژەڵەکە دووردەکەوێتەوە، دواتریش پزیشکی ڤێتێرنەری دێت و پشکنین دەکات."
 
سەربڕخانەی هاوچەرخی دهۆک لە رۆژێکدا دەتوانێت سێ هەزار و 150 ئاژەڵی بچووک و 700 ئاژەڵی گەورە سەرببڕێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە