رووداو دیجیتاڵ
لە شەقامی کۆرنیش لە کەرکووک چەندین سەربڕخانەی "نایاسایی و دوور لە رێنوێنی تەندروستی دانراون" و هەر لەسەر شەقامەکەش مەڕەکان سەردەبڕدرێن.
مام عەلی بە خێزانەوە هاتوون تاوەکو مەڕێک بۆ قوربانی بکڕن و تاکە پێوەریش بۆ هەڵبژاردنی مەڕێکی تەندروست، تەنیا تەماشاکردن و دەست لێدانێتی.
عەلی مەحموود، دانیشتوویەکی کەرکووکە و بە رووداوی گوت، "مەڕ ئەگەر کز و نەخۆش بێت دیارە، بەڵام مەڕەکانی ئێرە دیارە نەخۆش نین. باشترە لە شوێنێکی تەندروست بیکڕیت، بەڵام ئەو شوێنە لە کوێ هەیە؟ مەیدانی ئاژەڵانیش وەک ئێرەیە و جیاوازی نییە."
مەڕەکان سەردەبڕدرێن و سەروپێیەکانیشیان چاکدەکرێن، بەڵام هیچ پێوەرێکی تەندروستی رەچاوناکرێت، ئەو کەسانەشی ئاژەڵەکان سەردەبڕن مۆڵەتیان نییە و دەڵێن: بڕوامان بەوە نییە نەخۆشی تای خوێنبەربوون هەبێت.
فازڵ مەجید، خاوەن سەربڕخانەیەکە لە کەرکووک و دەڵێت، "هیچ کەسێک تووشی نەخۆشی نەبووە و ئێمە لەبەرچاوی کڕیارەکان سەریاندەبڕین و بەویستی خۆی داوای کامەیان بکات ئەوەیانی پێدەدەین. دەگوترێت نەخۆشی هەیە، بەڵام ئەوە راست نییە، مەڕەکانمان ئەگەر نەخۆش بن دیارە."
تەندروستیی کەرکووک تاوەکو ئێستا هەنگاوی بۆ قەدەخەکردنی ئەو سەربڕخانانە نەداوە و دەڵێن: بەنیازین لە دوای جەژنی قوربانەوە هەڵمەتێک بۆ لابردنی سەربڕخانە و قەسابخانە نایاساییەکان بکەین.
زیاد خەلەف، بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، چاودێری سەربڕخانە زیادەڕۆ و بێ مۆڵەتەکان دەکەین، لەبەرئەوەی تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەکی گوازراوەیە 80% لە رێگەی دەست لێدانی راستەوخۆی گۆشتەوە دەگوازرێتەوە.
لە کەرکووک 14 تووشبووی نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، سێ کەسیش بەو نەخۆشییە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هێشتا رێکاری تووند بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە نەگیراوەتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ