گالەری


رووداو دیجیتاڵ 

بەشێک لە ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کەمپی دارە شەکران لە هەولێر سەرقاڵی بەرهەمهێنانی جۆرێک لە سەوزەن کە بۆ یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمبهێنرێت و مێژووەکەی بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.
 
ئەو جۆرە سەوزەیە ناوی ملوخیەیە و لەسەر رووبەری چوار دۆنم زەوی لە کەمپی دارەشەکران بەهەمدەهێنرێت، بەگوتەی ئەو جووتیارانەی کەمپی دارەشەکران کە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ئەو سەوزەیەن، مانگانە زیاتر لە یەک تۆن بەرهەمدەهێنن.
 
ئەو جووتیارانە بەرهەمەکانیان لەنێو کەمپەکە ساخدەکەنەوە و دەڵێن، فریای ئەوە ناکەون بیبەنە بازاڕەکان بۆ فرۆشتن، هەر لەنێو کەمپەکە تەواودەبێت. 
 
عومەر محەممەد جووتیارێکی خەڵکی شارۆچکەی رمێلای سەر بە پارێزگای حەسەکەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پیشەی ئەو لە رۆژئاوای کوردستانیش جووتیاری بووە، لەوێ نزیکەی زیاتر لە 10 دۆنم زەوی بەهۆی شەڕەوە بەجێهێشتووە. ئێستاش بە هاوکاریی رێکخراوێک لەگەڵ چوار خێزانی دیکە ئەو پارچە زەوییەیان پێدراوە و کاری تێدا دەکەن. 
 
عومەر دەڵێت، زۆربەی زەویەکەیان بۆ چاندنی ملوخیە تەرخانکردووە، چونکە ئەو جۆرە سەوزەیە لە باشووری کوردستان نەبووە و هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستان ئارەزووی خواردنی ئەو سەوزەیە دەکەن و خواستێکی زۆری لەسەرە. 
 
ملوخیە جۆرێکی سەوزەیە و لە کۆندا میسرییەکان بەکاریانهێناوە، ناوەکەی لە ملکیە وەرگیراوە. دواتر لە سووریا، لوبنان و مەغریب خەڵکی بەکاریانهێناوە کە دەوڵەمەندە بە ڤیتامینی ئەی و بی.