رای لایەنەکانی کوردستان لەسەر پەیامەکەی بارزانی

30-06-2015
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن سەرۆکایەتی هەرێم
A+ A-
رووداو - هەولێر

لە بەرنامەی ئەمجارەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی كۆبوونەوەی نێوان لایەنە كوردستانییەكان لە پێناو گەیشتن بە سازان و تەوافوق لە سەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لە نێوان پێنج لایەنە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان، میوانداری هەریەکە لە مستەفا عەبدوڵلا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و سەردار عەبدوڵڵا، هەڵسوڕاوی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان و دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و دڵشاد عەبدولڕەحمان، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد و راو سەرنجی خۆیان بەم شێوەیە دەربڕی:

"پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان پرۆژەیەک بۆ ئەو کەیسە گرنگە ئامادە بکات"

مستەفا عەبدوڵلا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەکە رایگەیاند "هەموو لایەنەکان لەگەڵ ئەوەن کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ئەنجام بدرێت و هیچ لایەنێکیش رەتی نەکردووەتەوە، هەموویان داوای سازان دەکەن".

سەبارەت بە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، عەبدوڵڵا گوتی: "هەموومان ئەو بڕوایەمان هەیە دەبێت کوردستان بچێتە قۆناخێکی گەورەتر کە بریتییە لە سەربەخۆیی و سەربەخۆیی ئابووری و بە دامەزراوەییبوونی زیاتر، کەواتە لە کاتێکدا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو پەیامە بڵاو دەکاتەوە و گەشبینی بڵاو دەکاتەوە، پێویستە بە جیددیتر بێتە سەر هێڵ و بە تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان پرۆژەیەک بۆ ئەو کەیسە گرنگە ئامادە بکات و لەگەڵ لایەنەکان ئامادەی سازان و گفتوگۆ بێت".

سەبارەت بەو وادەیەی کە لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو پێیوایە "ناگەینە 20ی ئاب دەگەینە رێککەوتن و سازانێکی جیددی و ئەو کەیسەیش یەکلایی دەکەینەوە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و چاکسازی و سیستمی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان"، دەشڵێت "کوردستان پێویستی بە شەراکەتی حەقیقی و پێویستی بە هەموو لایەنەکان هەیە".

"بەربەستەکانی بەردەم سازان پەیوەندی بە ئەقڵیەتی حکومڕانییەوە هەیە لە کوردستان"

سەردار عەبدوڵڵا، هەڵسوڕاوی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێکی دیکە لە میوانانی بەرنامەکە رایگەیاند "خەلەل لە سیستمی سیاسی ئێمە هەیە، بنەمای سازان و یەکڕیزی دوو پایەی بنەڕەتی هەیە، یەکێکیان هەموومان ئەوە دەزانین کە کەموکوڕی گەورە لە سیستمی سیاسی و ئابووری و گوزەرانی خەڵک هەیە، دەبێت چاکسازی تێدا بکەین و دەستپێشخەری بکەین، بۆ ئەوەی دۆخی وڵاتەکە چاک بکەین".

سەبارەت بە پایەی دووەم عەبدوڵڵا، ئاماژە بەوە دەدات، کە پایەی دووەم شەراکەتی راستەقینەیە و دەڵێت "ئەگەر بمانەوێت پرسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم بنبەستە دەربکەین و تابعی کەسی و ناکۆکی حیزبی لێ جیا بکەینەوە، مەفهومێکی گرنگ هەیە لە حکومڕانیدا کە لە کوردستان غائیبە، ئەویش پێی دەگوترێت شەراکەت، سەپاندنی ئەم شەراکەتەش سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمە، تێگەیشتنمان بۆ پرسی دەوڵەت و پەیوەندیمان لەگەڵ عێراق، تێگەیشتمان بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکان و ئاسایش و دۆسیەی ئابووری و نەوت و پەیوەندییەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتییە".

لەبارەی ئەو بەربەستانەی لەبەردەم سازاندان، ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان دەڵێت: "بەشێک لەو بەربەستانە پەیوەندی بە ئەقڵیەتی حکومڕانییەوە هەیە لە کوردستان، دەبێت ئەم ئەقڵیەتە بگۆڕدرێت، بەشێکی پەیوەندی بە یەکتر قبوڵکردن و نەکردنەوە هەیە، بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە کوردستان تا 23ی حوزەیران لە دۆخێکدا بووە کە دوو جەمسەری تێدا بووە، بەڵام ئێستا ئێمە لە قۆناخی فرەیی داین".

 "بیرمان لەوە نەکردووەتەوە ئەم وڵاتە بە کەمینەو زۆرینە بەڕێوەبچێت"

دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێکی دیکەبوو لە بەشداربووانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، رایگەیاند "پێویستی ئەم قۆناخەو پێداویستی قۆناخ و میللەت، وا پێویست دەکات لەسەر هەر هێزێک کە بەڕاستی نوێنەرایەتی ئەو میللەتە دەکات، دەبێت لە پێناوی دەرچوون لەم قۆناخە واز لە هەندێک لە بەرژەوەندییەکان بێنین".
 
شەهاب، دەڵێت "بە بڕوای من ئەگەر بەڕاستی بمانەوێت هەنگاو بنێین بۆ ئەوی لە دۆخەکە دەربچین، سەرەتا پێویستە هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو دۆخە بزانین و هەڵوەستەیەکی زانستیانە و واقیعیبینانە لەسەر ئەم مەسەلەیە بکەین".

ئەو ئەندامی سەرکردایەتی پارتی ئاماژە بەوە دەدات، مەنتق لەلای پارتی مەنقی بیرکردنەوە لە کەمینە و زۆرینە نەبووە، دەڵێت: "بیرمان لەوە نەکردووەتەوە ئەم وڵاتە بە کەمینەو زۆرینە بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەمە شێوازە لەگەڵ پارتی لە 23ی حوزەیران بەکارهات".

"سازان بریتی بووە لە دابەشکردنی پۆستەکان بەسەر حیزبەکاندا"

دڵشاد عەبدولڕەحمان، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە ئەویش بەشداربووێکی دیکەی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو، رایگەیاند "هیوادارام پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دوای پەیامەکەش ئەو بارگرژییە خاو ببێتەوەو هەموو لایەنە سیاسییەکان لە لۆژیکی مەنتق و دانوستاندنێکی زۆر راشکاوانە بگەنە سازانێکی راستی".

عەبدولڕەحمان، ئاماژە بە جۆری ئەو سازانانە دەکات کە لە رابردوودا کراوە دەڵێت: "سازان بەو مانایەی نا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی دیکەی لەسەر پێکهات، زۆرجار باسی سازان دەکرێت، بە داخەوە تا ئێستا سازان لە هەرێمی کوردستاندا بریتی بووە لە بەشکردنی پشکەکانی دەسەڵات بەسەر حیزبەکاندا، بەبێ ئەوەی پرۆژەیەکی بوونیادنانی دەوڵەتسازی راستی لە هەرێمی کوردستاندا گفتوگۆیەکی جیددی لەسەر کرابێت".

ئەو راوێژکارەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایوایە "سازان بریتی بووە لە دابەشکردنی پۆستەکان بەسەر حیزبەکاندا، نەک ئەوەی هەموومان لەسەر پرۆژەیەکی بونیادنانی دەوڵەتسازی حەقیقی بۆ هەرێمە پێکبهێنین و هەنگاو بەهەنگاو لەسەری بڕۆین، بۆیە ناکرێت چیتر وا لە سازان بگەین کە کۆبوونەوەی حیزبە سیاسییەکانە بۆ ئەوەی لەنێوانی خۆیاندا جارێکی دیکە پشکەکانی دەسەڵات، کە بریتییە لە سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەت و وەزارەتەکان بەشبکەنەوەو ئیتر بەدەر لەوەی هەرێمی کوردستان چی دەخوازێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سۆران عومەر و وەزارەتی دارایی

وەزارەتی دارایی وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە؛ "ماوەیەکە ئیشی خۆی لە بیر کردووە"

دوای ئەوەی سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەوەی، پارەی تیمەکانی تەندروستیی کوتانی سوورێژەی نەداوە، وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ماوەیەکە ئیشی خۆی لەبیرکردووە و هەرجارەی قسە لەسەر چەند بابەتێکی ژمێریاری و دارایی دەکات".