رووداو - رانیە
لە ناوچەی پیشەسازیی رانیە زبڵ و خاشاکێکی زۆر کۆبووەتەوە و بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش پیشەوەران و هاونیشتمانیانی نزیک ئەو شوێنەی هەراسان کردووە.
ئەحمەد خدر، فەرمانبەر دەڵێت، "هەر بە بۆگەنی مردین، ئێرە وێران بووە، جار هەیە ئاگری تێبەردەدەن، ئاگر دەچێتە ئاسمان، پریشکی ئاگرەکە دێتە فەرمانگەکەی ئێمە، ئاگرکوژێنەوە دێت دەیکوژێنێتەوە."
بە تەنیا ئەو شوێنە نییە لە رانیە زبڵ و خاشاکی لێ فڕێدەدرێت، بەهۆی ئەوەی لە بەشێک لە گەڕەکەکان بە دوو رۆژ جارێك زبڵ و خاشاکی ماڵان کۆدەکرێتەوە، خەڵکی خۆیان زبڵەکانیان فڕێدەدەن.
یەکێکی دیکە لەو شوێنانەی زبڵ و خاشاکی لێ فڕێدەدرێت، دووسایدی قوڕەگۆ - رانیەیە؛ بەو شوێنەوە 10 شوێنی رانیە خەڵکی زبڵ و خاشاکی لێ فڕێدەدەن.
کاسترۆ مەعرووف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو نوێنەرانەی کە دانراون چاودێریی کۆمپانیا بکەن، لە ئاستی پێویستدا نین، لەسەر ئەو بابەتە بەدواداچوونی جیددی دەکەین، دواکارین بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئەم بابەتە بە هەند وەربگرن، ناکرێت لەسەر شەقامە سەرەکییەکان زبڵ فڕێبدرێت."
سەرپەرشتیاری ئەو کۆمپانیایانەی زبڵ و خاشاکی ماڵان کۆدەکاتەوە لە رانیە، دەڵێت، خەڵک چاوەڕوان ناکەن تاوەکو ئۆتۆمبێلی زبڵەکە دەچێتە بەردەم ماڵەکەی و خۆیان دەچن زبڵ لەسەر شەقامە سەرەکییەکان فڕێدەدەن.
ئاسۆ عومەر، سەرپەرشتیاری کۆمپانیای بیڤان باسی لەوە کرد، "ئەمڕۆ سەیارەکە چووەتە پێش دەرگای، کاژێرێک دوای ئەوە هاتووە زبڵ فڕێدەدات؛ دەڵێم، پوورە گیان بۆ وایە؟ دەڵێت، فریای سەیارەکە نەکەوتووم؛ چوومەتە گەڕەکەکە بزانم وایە، دەبینم هەمووی پاککراوەتەوە."
بەرهەم رەسووڵ، سەرۆکی شارەوانیی رانیە رایگەیاند، "بەردەوام لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، رووی دەممان لە هاونیشتمانیانمانە، تکایە هاوکارمان بن لە پاکڕاگرتنی شارەکەدا."
رۆژانە لە رانیە زیاتر لە 100 تۆن زبڵ و خاشاک لە رێگەی 115 کارمەندی ژینگەپارێز کۆدەکرێنەوە و لە کلکەی کۆڵێن فڕێدەدرێت و ژێرگڵ دەخرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ