نوێنەرێکی خاوەن زەوییەکان: ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری تاپۆکردنی زەوییەکانی گوندی کۆری دەدات

29-04-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە نوێنەرانی خاوەن زەوییەکانی گوندی کۆری لە شاری هەولێر دەڵێت، ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری تاپۆکردنی زەوییەکان دەدات. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانیش گوتی، بۆ تاپۆکردنی زەوییەکان کێشەی یاسایی نەماون.
 
رۆژی شەممە، 29ـی نیسانی 2023، کاروان کەریم، یەکێک لە نوێنەرانی خاوەن زەوییەکانی گوندی کۆری لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کۆتایی مانگی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەولێر کردووە بۆ تاپۆکردنی زەوییەکان و لە بەرامبەردا هەموو لایەنەکان وەڵامی نووسراوەکەیان داوەتەوە و رایانگەیاندووە، "لارییان نییە و تاپۆکردنی زەوییەکان کێشەی یاساییان نییە".
 
کاروان کەریم دەڵێت، لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دڵنیایی پێدراوە کە ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری تاپۆکردنەکە دەدات و زیاتر لە چوار هەزار کەس لە بڕیارەکە سوودمەند دەبن.
 
لەو بارەوە بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاپۆکردنی ئەو زەوییانە کێشەی یاساییان نەماوە و هەرکەسێک لە هەمان شوێنی خۆی بە پارچە زەوییەک قەرەبوو دەکرێتەوە و دەکرێت بە ناوی خۆیەوە.
 
رۆژی 15-11-2022، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی حکومەت رەزامەندی لەسەر پێشنیازێکی ئەوان داوە بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گوندی کۆری لە هەولێر بە پارچە زەوییەک لە هەمان ناوچەی خۆیان.
 
گوندی كۆری له‌ ساڵی 2014 به‌پێی رێككه‌وتنێكی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و كۆمپانیایه‌كی كۆریای باشوور لە ھەولێر لەسه‌ر رووبه‌ری هه‌زار و 592 دۆنم زەوی، وەک هاوکارییەک بۆ کرێنشینان بڕیاری دروستکردنی درا، کە بریتیبوون لە 5 هەزار و 304 یەکەی نیشتەجێبوون، نزیکەی 1200 لەو خانووانە دابەشکران، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیارێک دابەشکردنی خانووەکانی دیکەی راگرت. ئێستا ئەوانەی لە چاوەڕوانیی تاپۆکردنی زەوییەکانیاندان 4 هەزار و 128 خێزانن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە