هەدەپە: ئومێدمان بە کۆبوونەوەی لەیلا زانا و ئەردۆغان نییە

29-01-2016
محەممەد ئیسماعیل
A+ A-

رووداو - ئامەد

هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە رایگەیاند، پارتەکەی دەخوازێت کە کۆبوونەوەی نێوان لەیلا زانا و ئەردۆغان ئەنجامی ئەرێنی لێبکەوێتەوە، بەڵام بەهۆی شەڕوپێکدادانەکان و سیاسەتی ئاکەپەوە ئومێدێکیان بە کۆبوونەوەکە نییە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە لە بارەگای DBP لە ئامەد رێکیخست، فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان نیگەرانی خۆی لەبارەی بارودۆخی باکووری کوردستانەوە دەربڕی و لەبارەی بریندارەکانی جزیرێ رایگەیاند "مرۆڤایەتی لە ژێر زەمینێکدا لە جزیرێ بێچارە بووە."

یوکسەکداغ بارودۆخی ئێستای باکووری کوردستانی بە بارودۆخی ساڵانی 90-ەکان چواند و لەبارەی کۆبوونەوەی لەیلا زانا و رەجەب تەیب ئەردۆغان کە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجام بدرێت گوتی: "بەداخەوە، هەلومەرجەکە پیشانمان دەدات کە دەسەڵاتی سیاسیی خواستی نییە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بە رێگەچارەی ئاشتیی. بەدڵنیاییەوە کە دەخوازین ئەم کۆبوونەوە ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستەوە بدات، بەڵام ئەگەر راستگۆبین لەگەڵ خۆماندا، شەڕوپێکدادانەکان و زمانی سیاسیی دەسەڵات، ئومێدی بۆ نەهێشتوینەتەوە بە کۆبوونەوەکە."

یوکسەکداغ زیاتر گوتی: "چاوەڕێی ئەنجامێکی گەورە لە کۆبوونەوەکە ناکەین. ئێمە هیچ کاتێک دەرگای دیالۆگمان دانەخستووە، ئێمە نین کە بەربەستمان لەبەردەم دیالۆگدا دروستکردووە، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە و کۆشک دینامیکی ئاشتیی و دیالۆگیان لەدەستداوە."

لەماوەی رابردوودا لەیلا زانا پەرلەمانتاری هەدەپە داوای دیداری لەسەرۆککۆماری تورکیا کرد و گوتەبێژی سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، کە ئەردۆغان داواکەی پەسند کردووە و لە کاتێکی گونجاودا کۆبونەوەیەک ئەنجام دەدەن.

زانا لەبارەی سەردانەکەوە رایگەیاند، 3 داواكاری ئاراسته‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا له‌ دیداری داهاتوویاندا ده‌كات. 

له‌یلا زانا گوتی "داواكاری یه‌كه‌م دووباره‌ كاراكردنه‌وه‌ی رۆڵی ئۆجه‌لانه‌، ئه‌ویش به‌زه‌مینه‌خۆشكردن و كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵی په‌یوه‌ندیكردنی گونجاو بۆ پرس و راوێژكردن. داواكاری دووه‌م، پرسی خۆسه‌رییه‌، مافی كورده‌ لەو ناوچانەی زۆرینەی رەهان، کە مافی خۆبه‌ڕێوه‌بردنیان هەبێت له‌چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی وڵاتدا. داواكاری سێیه‌میشی پرسی رۆژئاوایه‌ و پێویسته‌ توركیا رێز له‌ ئیراده‌ی رۆژئاوا بگرێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە