قایمقامی دەربەندیخان: یەک دۆلار بۆ پڕۆژەی ئاوی قەزاکە خەرج نەکراوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، ئاوەکەیان شیاو نییە بۆ خواردنەوە و چاوەڕێی تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی قەزاکەن. بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەش دەڵێت، ئەگەر پارەیان بۆ خەرج بکرێت، بە کەمتر لە 8 مانگ پڕۆژەکە تەواو دەکەن.
 
سەرەڕای هەبوونی دەریاچەی سیروان و دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان، خەڵکی قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی ئاوەکەیان شیاوی خواردنەوە نییە و چاوەڕوانی تەواوکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی خاوێنی شارەکەیانن، کە 14-02-2014ـەوە بەردی بناخەی دانراوە.
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاوی سنوورەکەمان بۆ خواردنەوە نابێت. وێڕای بەڵێنی زۆر بۆ خەرجکردنی پارە تاوەکو ئەمڕۆ پارەیان بۆ خەرج نەکراوە".
 
هەر ئەمڕۆ هێمن سلێمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "11 ملیۆن دۆلارمان لەو پڕۆژەیە خەرجکردووە، جگە لە چوار ملیۆن و 600 هەزار دۆلار کە بۆ پڕۆژەیەکی دیکە وەرمانگرت و دواتر گوتیان لە دەربەندیخان خەرجی بکەن، یەک دۆلارمان وەرنەگرتووە".
 
هێمن سلێمان دەڵێت، چەکی 5 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاریان بۆ کراوە، بەڵام دەچنە بانک "دەڵێن پارە نییە".
 
پڕۆژەکە 65%ـی کارەکانی تەواو بووە. بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت: "تەنیا کەرەستەکانی میکانیکی و کارەبایی ماوە".
 
هێمن سلێمان گوتی، لەگەڵ خەرجکردنی پارە دەستدەکەن بە هاوردەکردنی پێداویستییەکانی پرۆژەکە. بە گوتەی ئەو، لە کەمتر لە 8 مانگدا کارەکانیان تەواو دەکەن و پڕۆژەکە رادەست دەکەن.
 
بەهۆی نەشیاوی ئاوی قەزاکەوە، داوا کراوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پارەی ساڵێکی ئاوی ناوچەکە خۆشبێت. قایمقامی دەربەندیخان گوتی: "لەبەر کێشەی پیسیی ئاو، داوامان کردووە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ قەرزی ئاوی یەک ساڵ و سزای نەبەستنی پێوەری ئاو دەربکرێت".
 
پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بڕیار بوو لە شوباتی ساڵی 2015 تەواو بکرێت، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە خەڵکی قەزاکە چەند رۆژێک گردبوونەوەی ناڕەزاییان دەربڕی، دوای چەند بەڵێندانێک پێیان کۆتاییان بە ناڕەزایی هێنا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە