رووداو دیجیتاڵ
سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی دوو سەردانەکەی نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هه‌رێمى كوردستان بۆ بەغدا بڵاوکردەوە. نێچيرڤان بارزانى دەڵێت، هه‌رێمى كوردستان خوازيارى به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانيه‌تى له‌سه‌ر بنه‌ماى رێز له‌يه‌كگرتن و دراوسێيه‌تيى باش و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش.
رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای کرد و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده و به‌رپرسانى عێراق دۆخى وڵات و په‌يوه‌ندى و كێشه‌كانى هه‌ولێر - به‌غدا و گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنيانی تاوتوێ کرد، بەڵام بەهۆی تەقینەوەکەی دهۆکەوە گەڕایەوە هەرێمی کوردستان و رۆژی یەکشەممە 27-11-2022 جارێکی دیکە چووەوە بەغدا بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی.
سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان دەڵێت، نێچيرڤان بارزانى لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی و لایەنە سیاسییەکان دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئه‌منى و سياسيى وڵاتی تاوتوێ كردووە.
لە کۆبوونەوەکاندا جه‌ختيان له هاريكارى و هاوئاهەنگی نێوان ته‌واوى لايه‌نه‌كان كردووەتەوە بۆ پشتگيرى له حكومه‌تى نوێى عێراق و سه‌رخستنی كارنامه‌كه‌ى؛ هه‌روه‌ها پێكه‌وه‌كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی هه‌ولێر - به‌غدا له ماده‌ی 140، بودجه و شایسته دارایییه‌کان، دۆخی شنگال و کێشه‌کانی وڵات به‌گشتی به گفتوگۆ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و پاراستنى سه‌قامگيرى و سه‌روه‌ريى وڵات.
لە سەردانەکانیدا نێچيرڤان بارزانى دووجار لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زيرانی عێراق کۆبووەوە؛ وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە تەواوی هاوڕابوون كه به هيچ شێوه‌يه‌ک رێگه به هيچ جۆره هه‌ڕه‌شه و كرده‌يه‌وه‌كى سه‌ربازى له سنووره‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌وه به‌رامبه‌ر وڵاتانى دراوسێ نادرێت."
نێچيرڤان بارزانى و محەممەد شیاع سوودانی دووپاتیان کردووەتەوە، وه‌ک هه‌ميشه هاوكارى و يارمه‌تى پێشكێشی په‌نابه‌ران ده‌كه‌ن، به‌ڵام "رێگه به بوونى گرووپى چه‌كدار له هه‌رێمى كوردستان نادرێت، بۆيه هه‌ولێر و به‌غدا به ته‌واوى هاريكارى و هاوئاهەنگی ده‌كه‌ن و ئاسايشى سنووره‌كان ده‌پارێزن، له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێش هاوكار و هاوئاهەنگ ده‌بن و رێكارى پێويست ده‌گرنه به‌ر."
رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ قه‌يس خه‌زعه‌لى، سه‌رۆكى عه‌سائيبى ئه‌هلى حه‌ق؛ فالح فه‌یياز، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى؛ حه‌يده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى نه‌سر و هادى عامرى، سه‌رۆكى هاوپەیمانیی فه‌تح كۆبووه‌وه.
رۆژی یەکشەممە 27-11-2022، سەرۆکی هەرێمی کورستان جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، موسەننا سامەڕایی، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى عه‌زم و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لەگەڵ هەریەکە لە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە؛ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق کۆبووەوە.
نێچيرڤان بارزانى لە سەردانەکانیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە "هه‌رێمى كوردستان وه‌ک هه‌ميشه بۆ عێراق و وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ش به فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌مێنێته‌وه، هه‌روه‌ها خوازيارى به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانيه‌تى له‌سه‌ر بنه‌ماى رێز له‌يه‌كگرتن و دراوسێيه‌تيى باش و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش" ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان.
سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لە ناوچەكە، بە پێویستی دەزانین هەموو لایەك پشت به گفتوگۆ و لێکگه‌شتن و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه ببه‌ستن، بۆ ئەوەش سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەیە رۆڵێكی ئه‌رێنی و بنیاتنه‌رانه لەمبارەیەوە بگێڕێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ