رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتيی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو زەوی بەسەر نزیکەی 500 کەس لە کەسوکاری شەهیدان دابەشدەکرێت. راشیگەیاند، 6 هەزار کەس لە کەسوکاری شەهیدان تائێستا UPNیان نەکردووە.
دووشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەدیب لەتیف، بەڕێوەبەری گشتيی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دابەشکردنی زەوی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێشتر فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ دەرکرابوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی زەوی پێدانی زەوییەکەیان دواکەوتبوو.
بەڕێوەبەری گشتيی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی گوتی: "پڕۆسەکە بە سێ قۆناخ بەڕێوەدەچێت، هەفتەی داهاتوو یەکەم قۆناخ بەڕێوەدەچێت، کە زەوی بەسەر نزیکەی 500 کەس لە کەسوکاری شەهیدان دابەشدەکرێت، بڕیارە ئەگەر زەوی بمێنێت هەموو قۆناخەکان تەواو بکرێن."
سەبارەت بە کردنی UPN بۆ کەسوکاری شەهیدان. ئەدیب لەتیف دەڵێت: "لە بەڕێوەبەرایەتيی گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی 43 هەزار مووچەخۆر هەیە، کە 11 هەزاریان UPNیان نەکردبوو، مانگێک دەبێت دەستکراوە بە کردنی UPN هەندێکیان کردوویانە، بەڵام تائیستا 6 هەزار کەس لە کەسوکاری شەهیدان ماون کە UPNیان نەکردووە، داوا دەکەین بە زووترین کات بیکەن."
رۆژی یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر کەسێک مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت و تاوەکو 20-11-2024 کۆدی بایۆمەتری نەبێت، لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە مووچەکەی رادەگیرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.
17ـی ئەم مانگە تیروپشک بۆ دابەشکردنی 5 هەزار پارچە زەوی لە هەولێر کرا. رۆژێک پێشتریش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تیروپشکی دابەشکردنی زەوی کرابوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە 17ـی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش 2 هەزار 474 پارچە زەوی رەزامەندی دابەشکردنیان دراوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ