کوردستان
کارمەندێکی کۆمیسیۆن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 2024، لە هەولێر کارەکانی دەنگدەرێک رایی دەکات. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسییۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بۆ یەکەم جار لە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کارمەندانی یەدەگ بڕە پارەیەک وەردەگرن.
دووشەممە 28ی تشرینی یەکەم، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسییۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکەم جارە پارە بە کارمەندانی یەدەگ دەدرێت، بۆ هەر بنکەیەک 10٪ دیاریکراوە، تاوەکو کارمەندە یەدەگەکان لێی سوودمەند بن.
کارمەندی یەدەگ ئەوانەن، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لەو 41 هەزار کارمەندەی کۆمیسیۆن نەهاتبووە سەر سندووق و ئامێرەکانی دەنگدان، ئەوا کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی دانراوە.
نەبەرد عومەر گوتی: "ئەوانەی کە فەرمانبەرن 50 هەزار دینار لەگەڵ سوپاس و پێزانین وەردەگرن، ئەوانەشی کە فەرمانبەر نین 100 هەزار دینار وەردەگرن."
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی پارەی ئەو کارمەندانە، نەبەرد عومەر گوتی: "یەدەگەکان لەگەڵ کارمەندانی سەر سندووقەکان پاداشتە داراییەکانیان وەردەگرن، کە ئەگەری هەیە مانگێک دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دابەشبکرێت."
رۆژی 24ـی تشرینی یەکەمی 2024، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی پاداشتی دارایی کارمەندانی کۆمیسیۆن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق داوە، رێکارەکانی ئامادەکاری بۆ پێدانی پاداشتی دارایی بە کارمەندانمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دەستیپێکردووە، بەڵام کاتی پێویستە و دەبێت چاوەڕێ بکەین."
زیاتر لە 41 هەزار کارمەند بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەنگدان وەرگیرابوون، کە پێکدێن لە فەرمانبەر و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان.
دەنگدانی تایبەت رۆژی 18ی مانگ و دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 20ی مانگ بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ