رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، بڕیاری دامەزراندن بۆ زیاتر لە 7 هەزار کەس لە پارێزگاکە لە بەغداوە گەڕاوەتەوە و پێشبینی دەکەن زیاتر لە 1500 کەسیان لە پەروەردە بن.
لە کۆی 150 هەزار پشکی دامەزراندن کە لە بودجەی 2024ـی عێراق بڕیاری لەسەر دراوە، 7 هەزار و 304 کەس بەشێوەی گرێبەست لە کەرکووک دادەمەزرێن.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئەمڕۆ (دووشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیاری دامەزراندنەکە بە فەرمی نێردراوەتەوە بۆ کەرکووک، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نازانین میکانیزمەکەی چۆن دەبێت."
ئەو ژمارەیە لە دامەزراندن بۆ هەموو فەرمانگەکانی پارێزگاکەیە. بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی دەڵێت، پێشبینی دەکەن زیاتر لە 1500 کەسیان لە پەروەردە دابمەزرێن.
کامەران عەلی گوتی، بەشێکی دامەزراوان بۆ خوێندنی کوردی دەبێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "کورد و خوێندنی کوردی لە پشکی دامەزراندن هەموو کات ستەمیان لێکراوە. تاوەکو ئەمڕۆش نازانین لەسەر چ بنەمایەک دامەزراندنەکە بەسەر نەتەوەکانی پارێزگاکەدا دابەش دەکرێت".
خۆبەخشانی خوێندنی کوردی: پێویستە لە پشکی دامەزراندن جێگەمان بکرێتەوە
هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک مامۆستای خۆبەخش لە خوێندنی کوردی لە کەرکووک گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان بەڕێوەبرد و داوایان کرد، ئەوانیش لەو پشکەی بۆ دامەزراندن دانراوە، جێگەیان بکرێتەوە و بکرێنە گرێبەست.
لەبارەی داواکاریی ئەو مامۆستایانە بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک گوتی، "ئەوانە بەبێ نووسراو بوون بە خۆبەخش. هەرکەس خۆی چووەتە قوتابخانەیەک نەوەک بە فەرمان."
کامەران عەلی گوتیشی، "ئەگەر داواکاری خۆبەخشەکان کۆدەنگی لەسەر دروستبێت و پارێزگا و وەزارەت بڕیاری لەسەر بدات، ئەوە بابەتێکی دیکەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ