لە کەرکووک فرۆشتنی غاز دەبێتە ئەلیکترۆنی و نرخەکەی گران دەبێت

30-07-2024
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
غازفرۆشتن لە کەرکووک دەبێتە ئەلیکترۆنی
غازفرۆشتن لە کەرکووک دەبێتە ئەلیکترۆنی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە مانگی داهاتووەوە فرۆشتی غاز لە کەرکووک و 13 پارێزگای عێراق بەئەلیکترۆنی دەکرێت و، رێگە بە غازفرۆشەکان نادرێت بەنێو کۆڵانەکاندا بسووڕێنەوە. 
 
بەئەلیکترۆنی فرۆشتنی غاز، بڕیار و پڕۆژەی وەزارەتی نەوتی عێراقە، هەر هاونیشتیمانیێک بیەوێت بوتڵێک غاز بکڕێت، لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنەوە داوای دەکات و غازفرۆشەکان دەیگەیێننە بەر دەرگەی ماڵەکەی.
 
کامەران شوانی، بریکاری غاز "دەڵێ حکومەت بڕیاری داوە GPS (سیستمی رێنیشاندانی جیهانی)ـمان بۆ ببەستێت و دەڵێ لە شوێنێک راوەستن و ئێمە پێتان دەڵێین غاز ببەنە گەڕەکەکان یان بۆ ناوچەکانی دەرەوەی کەرکووک، هەر بوتڵێک غاز هەزار دینار لە نرخەکەی زیاد دەبێت، ئەگەر ئەمە ببێت، دەبێت ئێمەش نرخەکەی لەسەر خەڵک گران بکەین و ئەمەش کارێکی باش نییە."
 
لەدژی بڕیار و پرۆژەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، بریکارەکانی فرۆشتی غاز لە کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد و دوو رێگەی سەرەکییان داخست، داوای هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی فرۆشتنی غازیان کرد.
 
ئەحمەد سابیر غازفرۆش دەڵێ "بوتڵێک غاز، لەسەر هاونیشتیمانیان دەبێتە هەشت بۆ نۆ هەزار دینار، رەنگە بگاتە 12 هەزار دیناریش، ئەمە قەیران دروست دەکات و غاز بە ئاسانی ناگاتە دەستی خەڵک."
 
غازفرۆشێکی دیکە بەناوی عادل عەبدوڵڵا دەڵێ "یەک مانگە داوای GPSـمان لێدەکەن، تاوەکو ئەمە هەڵنەوەشێنرێتەوە، ئێمە غاز بارناکەین، ئێمە چەندین ساڵە کڕیاری خۆمان هەیە و ئەوان دەیانەوێت واز لە کڕیارەکانمان بهێنین." 
 
غازفرۆشێکی دیکەی ناڕازی بەناوی عادل نەجم گوتی "خەڵک پێشمەرگە، فەرمانبەرە و مووچەی نییە، ئێمە چۆن بتوانین بە پارەی کاش غازیان پێ بفرۆشین، پارەی مۆڵەت و تەندروستیمان لێوەردەگرێت، ئێمە لە کەرکووک قەیرانی غازمان نییە، ئەوان دەیانەوێت بەم بڕیارە قەیران دروست بکەن."
 
سەرەتای مانگی داهاتوو پرۆژەکە، دەخریتە بواری جێبەجێکردنەوە و هاونیشتیمانیان دەتوان دوای کڕینی کارتێک و لە رێگەی ئەپڵکەیشنەوە، داوای کرینی غاز بکەن، ئێستا بوتڵێک غاز بە حەوت هەزار دینار و ئەو کات نرخەکەی دەبێتە هەشت هەزار دینار.  

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە