رووداو - ئاکرێ
نێچيرڤان هەرکی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو کەس گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوی دیکە برینەکەی سەختە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە سنووری ناحیەی گردەسێن، "لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆنی خوێنداری، شەڕ دروستبووە و تەقە کراوە."
ئەحمەد سلێمان، بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، شەڕەکە لە نزیک بازگەی ئاکرێ دروستبووە و هۆکارەکەشی بۆ کێشەیەکی کۆنی خوێنداری دەگەڕێتەوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەکە، هەردوولایەن ئامۆزای یەکترن و پێش 10 ساڵ کەسێکی دیکە لە نێوانیان کوژراوە و ئەم شەڕە لە تۆڵەی ئەوکاتدا دروستبووە.
تەقەکەرەکان، وەک ئەحمەد سلێمان دەڵێت، دانیشتووی ناحیەی کەڵەکی سەر بە بەردەڕەشن. هەروەها کوژراو و بریندارەکەش دانیشتووی ناحیەی گردەسێنن.
ئەو کەسەی کوژراوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن، ناوی 'هێرش مەعروف'ـە، دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە و تاوەکو ئێستا تۆمەتبارەکان دەسگیرنەکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ