رووداو دیجیتاڵ
درەنگی شەو ئاگر لە کەمپی داودیەی ئاوارەکانی شنگال لە سنووری ئامێدی کەوتەوە. ئاگرکەوتنەوەکە نزیک کاژێر دووی شەو بوو و بەهۆیەوە 17 کەرەڤان سووتان. ئاوارەیەک، کە سێ کەرەڤانی بە تەواوی کەلوپەلەوە سووتاوە دەڵێت، تەنیا توانی منداڵەکانی رزگار بکات.
بەدەل خدر، ئاوارەی شنگال گوتی، "سەلاجە، موجەمیدە، غەسالە، تەلەڤیزیۆن و هەموو شتەکانم سووتان. نۆ ساڵە خەریکی ماڵداریم و هەمووی بە یەک ئاگرکەوتنەوە سووتا. تەنیا توانیمان گیانمان رزگار بکەین."
سالم عەلی یەکەم کەس بووە کە گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و دەڵێت، کاتێک گەیشتووەتە ئەوێ، چەند خولەکێک بووە ئاگر کەوتووەتەوە، هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بکات، بەڵام سوودی نەبووە.
سالم عەلی، دووکاندارە و دەڵێت، "کاتێک من هاتم ئاگر لەم دەبڵە کەوتبووەوە و کۆنترۆڵ نەکرا. ئەم ئامێری ئاگرکەوتنەوانە 9 ساڵە ماوەیان بەسەرچوون."
بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە 13 خێزان جارێکی دیکە ئاوارەبوونەوە، چونکە تەواوی پێداوسیتییەکانی نێوماڵیان سووتا و چوونەتە لای کەسوکاریان.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی، "کەرەڤانی خاڵیمان هەیە و راستەوخۆ ئەو خێزانانە دەگوازینەوە بۆ نێو ئەو کابینانە و تیمەکانی جەی سیسی و دەزگا خێرخوازییەکان پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین دەکەن."
16 کەمپی ئاوارەکانی شنگال لە سنووری پارێزگای دهۆک هەن. لە 24 کاژێری رابردوودا دوو جار ئاگر لە دوو کەمپی سنوورەکە کەوتووەتەوە کە بەگوتەی بەرگریی شارستانی، هۆکاری هەردووکیان شۆرتی کارەبا بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ