کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستیپێکرد و یەکگرتوو بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد

28-07-2020

11:28

کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد

 
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرجەم فراکسیۆنەکان جگە لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەستیپێکرد. بایکۆتی ئەو فراکسیۆنەش پەیوەندی بە داوایەکیانەوە هەیە بۆ ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان. بەڵام ئامادەنەبوونە لە دانیشتنەکە.

 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

10:49

عەلی حەمە ساڵح: بە جێبەجێکردنی چەند خاڵێک تووشی ئەو هەموو دەردەسەرییە نابین

عەلی حەمە ساڵح: بە جێبەجێکردنی چەند خاڵێک تووشی ئەو هەموو دەردەسەرییە نابین
عەلی حەمە ساڵح: بە جێبەجێکردنی چەند خاڵێک تووشی ئەو هەموو دەردەسەرییە نابین
 
سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەگەر یاسای چاکسازی وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و چاکسازی لە داهات بکرێت سیستەمی باج  و کاری کۆمپانیا لە کوردستان رێکبخرێتەوە، ئەگەر لەگەڵ عێراقیش رێکنەکەوین هەرێمی کوردستان تووشی ئەو هەموو دەردەسەرییە نابێت.
 
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکدا لەبارەی ئامادەبوونی وەزیری دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان و خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ خراپی دۆخی مووچە و دارایی کوردستان یاداشتیان پێشکەشی پەرلەمان کردووە، "داوای سەرۆکایەتیی حکومەت و وەزیری داراییمان کردووە بۆ ئەوەی بێنە پەرلەمان هەم وەڵامی پرسیاری خەڵک بدەنەوە، هەم بۆ رێگە لەو نادادی و گەندەڵییەی لە کوردستان هەیە ناگیرێت؟ بۆ ئەو مەبەستەش هەم لیژنەی دارایی راپۆرتی ئامادەکردووە، هەم ئێمەش پرۆژەیەکمان ئامادەکردووە".
 
بە گوتەی عەلی حەمەساڵح، ئەوان پرۆژەیان ئامادەیە و ئەگەر بێت داواکارییەکان جێبەجێ بکرێت کە چەند خاڵێکە لە بوارە گرنگەکان "دەتوانن مانگانە نزیکەی 350 ملیۆن دۆلار بگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت".
 
سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێ، "خاڵەکان ئەوەیە کە کۆمەڵێک هەنگاوی ورد دیاریکراوە، لە دۆسیەی نەوتدا پارە بۆ کوێ دەچێت؟ لە خاڵە سنوورییەکان چەند پارە بەفیڕۆ دەڕوات؟ سیستەمی باج و کاری کۆمپانیا و کۆمپانیاکاری چۆن رێکدەخرێتەوە؟"
 
عەلی حەمەساڵی پێشیوایە ئەگەر ئەو پرۆژەیە بکرێتە پرۆژەبڕیارێک و جێبەجێبکرێت، یاسای چاکسازی وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەگەر لەگەڵ عێراقیش رێکنەکەوین هەرێمی کوردستان تووشی ئەو هەموو دەردەسەرییە نابێت، "بە پێچەوانەوە دۆخی کوردستان لە ئێستا خراپتر دەبێت".
 
زیاتر بخوێنەوە

10:27

هێڤیدار ئەحمەد: چارەسەرێکی خێرامان بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی پێشنیازکردووە

هێڤیدار ئەحمەد: چارەسەرێکی خێرامان بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی پێشنیازکردووە
هێڤیدار ئەحمەد: چارەسەرێکی خێرامان بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی پێشنیازکردووە
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە راپۆرتی لیژنەی دارایی چەند چارەسەرێکی خێرایان بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی بۆ حکومەت پێشنیازکردووە و بە پێویستی دەزانێت حکومەت و پەرلەمان هاوئاهەنگ بن بۆ ئەوەی چاکسازی لە داهات بکرێت.
 
هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی هەواڵە ئابوورییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی نێوەڕۆکی ئەو راپۆرتەی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەی کردووە کە بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا خوێندنەوەی بۆ بکرێت، رایگەیاند: "ئێمە لەو راپۆرتەدا سێ هۆکاری سەرەکیمان دەستنیشانکردووە لەسەر نەمانی پارە یان کەبوونی داهات لەبەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش 13 خاڵمان دەستنیشانکردووە، کە چارەسەری خێران بۆ ئەو دۆخە".
 
بە گوتەی هێڤیدار ئەحمەد، پەتای کۆڤید - 19 کە قەیرانێکی ئابووری لە هەموو دونیا دروستکردووە، نەبوونی رێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و هەبوونی گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت لە بەشێک لە سەرچاوە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو هۆکارانەن کە وایکردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی نەبێت یان کەم بێت.
 
ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان و بەرپرسانی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەبن، هێڤیدار ئەحمەد دەڵێت "گوێیان لێ رادەگرین بۆ ئەوەی بزانن روونکردنەوەی ئەوان لەسەر راپۆرتەکەی ئێمە چییە، ئێمەش وەکو ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان چەندین پێشنیازمان هەیە".
 
بە بڕوای هێڤیدار ئەحمەد بۆ ئەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی بمێنێتەوە و هەرێمی کوردستان خۆی رادەستی بەغدا نەکات، "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان لەم قۆناخەدا دەستی حکومەت بگرێت و چاکسازی لە داهات و خەرجیدا بکەین، پێویستە سەرجەم داهاتی هەرێمی کوردستان بخرێتە سندووقێک و پارە لە دەستی کەسەکان نەمێنێت".
 
هێڤیدار ئەحمەد پێشیوایە یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان "مەسەلەی باجە، حکومەت کەشێکی لەباری بۆ وەبەرهێنەران و بازرگانان لە رووی ئابوورییەوە پەیداکردووە بۆ ئەوەی قازانج بکەن، بەڵام ئەوان ئامادەنین لە بەرانبەر ئەوە باج بە حکومەت بدەن، هەمیشە دەیانەوێت قازانج بکەن".

 

زیاتر بخوێنەوە

08:11

کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستیپێکرد و یەکگرتوو بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد

وێنەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان
وێنەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ

ململانێ سیاسییەکان رەوینەوە و کاتی گفتوگۆکردنە لەبارەی دۆخی دارایی و ئابووری. لە دانیشتنی ئەمڕۆدا پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوە بۆ راپۆرتی لیژنەی دارایی و ئابووری دەکات، کە تێیدا هۆکارەکانی خراپیی دۆخی دارایی، سەرچاوەکانی داهات، پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە روونکراونەتەوە.
 
هێڤیدار ئەحمەد، جێگیری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باسی هۆکارەکانی تێکچوونی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان دەکەن. "بۆچی تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان قاسەیەکی نەبێت پارەی پاشەکەوتی تێدا هەڵگیرابێت تاوەکو بۆ کاتێکی ئاوا سوودی لێوەربگرین". 
 
جێگیری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، پلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا چین، "دەمانەوێت گوێ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بگرین بۆ ئەوەی بزانین پێکەوە دەتوانین چ بکەین بۆ ئەوەی لەم دۆخە ئابوورییە خراپە رزگار بین".
 
لە راپۆرتەکەدا باسی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی 2020ی عێراقدا کراوە و هاتووە، ئەو پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە تریلیۆنێک و 759 ملیار دینارە کە بە چوار بەش نێردراوە. هەر جارێک لەو پارەیە 11 ملیار و 880 ملیۆن دینار دراوەتەوە قەرزی بانکە ئەهلییەکان و کۆی گشتیی ئەو پارەیەی دراوەتەوە بانکە ئەهلییەکان لەو چوار جارەی کە عێراق بودجەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە  47 ملیار و 520 ملیۆن دینار بووە. بۆیە پوختەی پارەی هاتوو، تریلیۆنێک و 711 ملیار و 480 ملیۆن دینار بووە، واتە دوای دەرهێنانی پارەی بانکە ئەهلییەکان. 
 
هۆکارەکانی خراپیی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان خراونەتەوەڕوو کە ئەمانەن:
 
- پشتبەستن بە داهاتی نەوت بە رێژەی 85%
 
- بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی سەرچاوەی داهات
 
- نەبوونی پێناسەیەکی دیاریکراوی سیستەمی ئابووری
 
- دەستوەردانی عێراق لە بەشە بودجەی کوردستان و گەندەڵی
 
- بەهەدەران و خراپبەڕێوەبردنی سەرچاوەی داهات
 
بەپێی ئەو راپۆرتەی لیژنەی دارایی ئامادەی کردووە و بڕیارە وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنەکانی پەرلەمان روونکردنەوەی زیاتری لەبارەوە بدەن.
 
بەغدا سێجار 453  ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، جارێكیش تەنیا 400 ملیاری ناردووە و دوو مانگیشە هیچ پارەیەکی نەناردووە. ئەو پارەیەی بەغدا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ناردوویەتی، 959 ملیار دینارە و کەمترە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو، واتە ساڵی رابردوو زۆر زیاتر هاتووە.
 
لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا وەزیری دارایی و ئابووری، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بەشداردەبن بۆئەوەی هەموو روونکردنەوەیەکی پێویست لەوبارەوە بدەن.
 
لە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممە 28-7-2020ـی پەرلەماندا هاتووە، دەستەی سەرۆکایەتی بڕیاریداوە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە کاژێر 11:00ـی بەیانی بەڕێوەبچێت. بەرنامەی کاری دانیشتنەکە کە دانیشتنی ژمارە (7)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانە بەمشێوەیە دەبێت: 
 
یەکەم: خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری سەبارەت بە دۆخی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی (وەزیرانی دارایی و ئابووری، پلاندانان و هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەنێوان هەرێم و بەغدا) لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی حوکمی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 66 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
 
دووەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی یاسای (ماف و ئەرکی نەخۆش لە هەرێمی کوردستان) بەپێی حوکمی ماددەکانی (87،88،89) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
 
دانیشتنەکەی پەرلەمان بەپێی حوکمی ماددەی (5) و بڕگەکانی (یەکەم و دووەم) لە ماددەی 16 و بڕگەی سێیەم لە ماددەی 18 و بڕگەکانی ( یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنجەم) لە ماددەی (20) و ماددەکانی (47،48،52،54،55،56،57)لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەبێت. 

 

 
زیاتر بخوێنەوە