رووداو - سلێمانی
بە بەشداری 370 ئەندام، رۆژی پێنجشەممە 28-7-2016 یازدەیەمین کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆنگرەی دەستیپێکرد.
عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لە دەستپێکی کۆنگرە گوتارێکی پێشکەش کردو رایگەیاند "دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی لە عێراق، ئێستا خەڵک ناتوانێت بۆ ئەو حکومەتە فیدراڵە بگەڕێتەوە، کە بۆ 20 بۆ 30 ساڵ لەمەوبەر باش بووە".
عیرفان عەبدولعەزیز، دەڵێت: "ئێستا کورد قۆناخێکی زۆر گرنگی تێپەڕاندووە، فیدراڵی بووە بە بەشێک لە مێژوو، ئێمە لە چوار ساڵی رابردوو هەوڵمانداوە ئەو پرسە بگۆڕین، جارێکی دیکە رای گشتی هەرێمی کوردستان قبوڵی ناکات سیاسەتمەدارانی کورد باسی فیدراڵی بکات".
عیرفان عەبدولعەزیز، دەشڵێت: "ئەو واقیعەی ئێستا هەرێمی کوردستان لەڕووی پێگە یاساییەکەوە هەیەتی، کە پێناسەی کۆنفیدراڵی بەسەردا دەچەسپێت، دەبێت خەبات بۆ کۆنفیدراڵی بکەین، ئەگەر توانیشمان ئەوە بەرەو پێش ببەین و بگەینە سەربەخۆیی و ریفراندۆم، ئەوە ئومێدی هەموو تاکێکی کوردە، پێموانییە هیچ تاکێکی کورد ئەوەی پێناخۆشبێت".
هەر لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەی عیرفان عەبدولعەزیز، گوتی: "ئێمە وەکو ئەندامانی کۆنگرە، هەر ئەو ئاواتەمان هەیە، کە کۆنگرەی ئەمجارە پشتیوان بەخوا لەسایەی حکومەتێک و دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیدابێت بە ناوچە جێناکۆکەکانیشەوە".
عیرفان عەبدولعەزیز، گوتیشی: " لە چوار ساڵی رابردوودا ئەوە تێڕوانینی ئێمە بووە بۆ سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، هەوڵمان بۆ داوە، هەوڵمانداوە شەفافییەت هەبێت، دەسەڵاتەکان لەیەک جیا بکرێنەوە و ئەو وڵاتە بە دامەزراوەیی بکرێت و قسەی خۆشمان کردووە".
بەبڕوای عیرفان عەبدولعەزیز،"هەنگاوی زۆر چاک هەیە بۆ لێکنزیکبوونەوەی سێ هێزە ئیسلامییەکە، هەنگاوی کردەیی دەنرێن، لە ئاییندەدا کۆنفرانس دەبەسترێت، دانیشتنی سێ هێزە ئیسلامییەکە لەئاستی لوتکە دەکرێت، موژدەشتان پێدەدەین هەرسی لایەنە سیاسییە ئیسلامییەکە و زانایان و برایانی سەلەفی و سۆفی بە هەموومان پشتیوان بەخوا ببین بە یەک جەستە".
عیرفان عەبدولعەزیز، ئاماژە بەوەش دەدات، "لە مەسەلەی یەکخستنی هێزە ئیسلامییەکان یەک دەقیقەش ناوەستین و هەوڵی بۆ دەدەین، ئەوەشی قوربانی بێت، ئامادەین قوربانی بۆ بدەین، لە پێناوی ئەوەی ئەهلی ئیسلام لە کوردستاندا یەک ماڵ بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ