سەرکۆنسوڵی ئێران لە هەولێر: سەرۆککۆماری نوێ درێژەپێدەری رێگەی رەئیسی دەبێت

28-06-2024
بەختیار قادر
بەختیار قادر
نەسروڵڵا رەشنوودی، سەرکۆنسوڵی ئێران لە هەولێر
نەسروڵڵا رەشنوودی، سەرکۆنسوڵی ئێران لە هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرکۆنسوڵی ئێران لە هەولێر دەڵێت، زیاتر لە 10 هەزار ئێرانی لە هەرێمی کوردستان دەژین و بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی وڵاتەکە چوار سندووقی دەنگدانیان داناوە کە سێیان گەڕۆکن. 
 
لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە دەستیپێکردووە. نەسروڵڵا رەشنوودی، سەرکۆنسوڵی ئێران لە هەولێر بە رووداوی گوت: "جیا لەو سندووقەی لە کۆنسوڵخانە داندراوە، سێ سندووقی گەڕۆکیش لە ناوچەکانی هەولێر، حاجی ئۆمەران و دهۆک دانراون."
 
لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش سندووقی دەنگدان دانراون. 
 
نەسرۆڵڵا رەشنوودی گوتی: ''هەڵبژاردن چارەنووسی وڵاتی خۆشەویستمان ئێران دیاری دەکات، سەرۆککۆماری نوێ لە دڵی ئەم سندووقانە هەڵدەبژێردرێت و درێژەدەری رێگەی شەهید رەئیسی [سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران] دەبێت."
 
هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماریی ئێران دوای گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری وڵاتەکە دێت کە رۆژی 19ـی ئایاری 2024، کاتێک دەگەڕایەوە ناوەندی شاری تەورێز، هێلیکۆپتەرەکەی کەوتە خوارەوە. 
 
سەرکۆنسوڵی ئێران لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی گوتی: "بڕیار بوو سەرۆککۆماری شەهیدمان لە چوارچێوەی سەردانێک بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات، بەڵام بەهۆی ئەو رووداوەوە سەردانەکە نەکرا. ئینشائەڵڵا لە داهاتوودا سەرۆککۆماری نوێ درێژەدەری رێگەی سەرۆککۆماری پێشوو دەبێت و بێگومان بەرنامەکانی درێژە پێدەدات."
 
نەسروڵڵا رەشنوودی گوتیشی: "سەرۆکۆماری داهاتوو کاتێکی پێویستە بۆ ئەوەی پلانەکانی دابنێت، هیوادارین لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، درێژە بە بەرنامەکانی سەرۆککۆماری شەهیدمان بدات."
 
بەگوتەی سەرکۆنسوڵی ئێران لە هەولێر، رێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردن بەراورد بە خولی پێشوو زیاترە و "لە بەیانییەوە کە هەڵبژاردن دەستیپێکردووە، بەشداریی گەرموگوڕی ئێرانییەکانمان بینیوە، چی ئەوانەی لێرە دەمێننەوە، چی ئەوانەی کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان لە گەشت دان، بەگشتی پێشوازییەکی باش لە هەڵبژاردن کراوە."
 
وەک نەسروڵڵا رەشنوودی گوتی، بەپێی ئامارێک کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خستوویەتە بەر دەستی کۆنسووڵخانەکە، زیاتر لە 10 هەزار ئێرانی لە هەرێمی کوردستان دەژین، "هەروەها کەسانێکیش رۆژانە لە هاتووچۆ دان و بە بۆچوونی من دەبێ ژمارەیان بەرچاو بێت، بۆیە چوار سندووقمان بۆ هەڵبژاردن داناوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە بە ئاسوودەیی بتوانن لە هەڵبژاردندا بەشدار بن."
 
سەرکۆنسوڵی ئیران لە هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و پاراستنی ئاسایشی بنکەکانی دەنگدان هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆنسووڵخانەکە هەیە و هاوکارییەکی باشی کردوون.
 
بەگشتی 344 بنکەی دەنگدان لە دەرەوەی ئێران کراونەتەوە و دەنگدانیان تێدا بەڕێوەدەچێت کە 23ـیان لە عێراق و هەرێمی کوردستانن.
 
سەرجەم ئەو کەسانەی وڵاتینامەی ئێرانیان هەیە و تەمەنیان سەرووی 18 ساڵە، واتا بەر لە 29-06-2006 لەدایک بوون، مافی دەنگدانیان بۆ 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران هەیە کە زیاتر لە 61 ملیۆن و 450 هەزار کەسن.
 
لە 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا، چوار بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە رکابەری دەکەن؛ سەعید جەلیلی، محەممەدباقر قالیباف، مستەفا پوورمحەممەدی کە بەربژێری نەریتخوازەکانن و مەسعوود پزیشکیانیش، کە تاکە بەربژێری ریفۆرمخوازەکانە. بە گوێرەی راپرسییەکان بەربژێرەکەی ریفۆرمخوازان چانسی دەرچوونی زیاترە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".