رووداو دیجیتاڵ
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لەسەر شەقامی 100 مەتریی هەولێر، هاونیشتمانییەک بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندارکرا. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بکوژەکە "بە هەڵە" کوشتوویەتی و ئامانجی کەسێکی دیکە بووە.
دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ، سەرچاوەیەک لە ئاسایشی گشتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە لەسەر شەقامی 100 مەتری بووە و دوو کەس بەناوەکانی شەهاب و سەربەست تەقەیان لێکراوە، لە ئەنجامدا شەهاب کوژراوە و سەربەستیش بریندارە.
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، بکوژەکە "بە هەڵە" تەقەی لەو دوو کەسە کردووە و وایزانیوە ئەو کەسانەن کە کێشەی کۆمەڵاتییان لەگەڵ ماڵباتەکەیدا هەیە.
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو چووە شوێنی رووداوەکە و قسەی لەگەڵ شاهێدحاڵێک کرد، ئەو شاهێدحاڵە گوتی، گوێیان لە دەنگی تەقە بوو، لە شێوەی کڵاشینکۆف بوو، چونکە 8-9 تەقەی کرد و شۆفێرەکە لە ترافیکی سووری داوە و نەوەستاوە.
یەکێکی دیکە لە شاهێدحاڵانی رووداوەکە باسی لەوە کرد، تۆمەتبارەکە هەشت تەقەی کرد و زوو رایکرد، یەکێک گیانی لەدەستدا و ئەوی دیکەش بە برینداری لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزی و دواتر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
برینداری رووداوەکە ناوی سەربەست ئەمیرە، لە نەخۆشخانە قسەی بۆ رووداو کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەوان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کەسدا نەبووە و هۆکاری تەقەکردنەکە نازانن.
رۆژی 06-10-2023 لە هەریر بەهۆی شەڕەتەقە لە نێوان دوو ماڵباتدا، دوو کەس کوژران کە دایک و کوڕێک بوون و دوو کەسیش لە ماڵباتی بەرامبەر برینداربوون.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، بکوژەکەی ئەمڕۆی هەولێر، کەسوکاری دایک و کوڕە کوژراوەکەی هەریر بووە و وایزانیوە، ئەو کەسە، بکوژەکەیە، بەڵام ئەمە هێشتا لە لێکۆڵینەوەدایە و بە فەرمی پشتڕاستنەکراوەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیس، ساڵی رابردوو 455 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بە هەڵە و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ