رێگەوبانی دهۆک: لافاو بە بەهای نزیکەی دوو ملیار دینار زیانی بە رێگەکان گەیاندووە

28-03-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی دهۆک بە رووداوی راگەیاند لافاوەکەی هەفتەی رابردوو زیانی نزیکەی دوو ملیار دیناری بە کەرتی رێگەوبان گەیاندووە.
 
ئەندازیار رێدیر سلێمان، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی دهۆک میوانی بەرنامەی مژار بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم کەریم لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات، رایگەیاند "لەماوەی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر چەند پڕۆژەیەکی گرنگی کەرتی رێگەوبان بۆ سنووری پارێزگای دهۆک دەربڕی کە لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جێبەجێدەکرێن."
 
گوتیشی، بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە، گرفتی بەشێکی زۆری رێگە سەرەکییەکان چارەسەر دەبن؛ بەهای هەموو ئەو پڕۆژانە دەگاتە نزیکەی 162 ملیار دینار.
 
رێدیر سلێمان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پڕۆژانەی رەزامەندییان لەسەر دراوە، بەشێکیان لە قۆناخی جێبەجێکردنن و بەشێکیشیان لە قۆناخی تەندەرین دان، لەوانە: 
 
- پڕۆژەی رێگەی چەمانکێ - سیارێ لە دەڤەری بەرواری، کاری تێدا دەکرێت.
- پڕۆژەی رێگەی کوڕە مانگێشک، کاری تێدا دەکرێت.
- رێگەی جووتسایدی ئاڵوکا، دوای وەرزی بارانبارین دەستپێدەکات.
- رێگەی بەردەڕەش - کەڵەک، سایدێکی رێگەی رۆڤیا-ئاکرێ و ئاکرێ-قەندیل، رەزامەندیی لەسەر دراوە و لە قۆناخی تەندەرین دایە.
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی دهۆک، 494 کیلۆمەتر رێگەی سەرەکی هەن. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی دهۆک دەڵێت، ئێستا نزیکەی 350 کیلۆمەتر رێگە لەو 494 کیلۆمەترە کراوەتە جووتساید و، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە نزیکەی 100 کیلۆمەتر دەمێنێتەوە.
 
لەبارەی چاککردنەوەی رێگەی گوندەکان، ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ رێگەی نزیکەی 70 گوندی سنووری پارێزگای دهۆک کاریان تێدا دەکرێت و بەشێکیان تەواو بوون.
 
رۆژی 19-03-2024، شەپۆلێکی بارانبارین سنووری پارێزگای دهۆکی گرتەوە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و زیانێکی زۆری ماددی بە سنووری پارێزگای دهۆک هەروەها ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش گەیشت.
 
ئەندازیار رێدیر سلێمان دەڵێت، لافاوەکەی هەفتەی رابردوو زیانی بە بەشێک لە رێگەکان گەیاندووە و قەبارەی زیانەکە بە نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت.
 
لەبارەی جۆری زیانەکان، ئاماژەی بەوە کرد، زیانەکان زیاتر لە رۆخی شەقامەکان بوون، لافاو شۆڵدەری شەقامەکانی بردووە "تیمەکانمان لە یەکەم رۆژی لافاوەکەوە نەیانهێشتووە ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانیان دروست ببێت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.