رووداو - سلێمانی
بەگوتەی بەرپرسانی ئیدارەی شاری سلێمانی لە سنووری ئەو پارێزگایە هەندێك كەس بە مۆڵەتی نانەواخانە سووتەمەنی لە حكومەت وەردەگرن و نانەواخانەكانیشیان كار ناكات.
نازناوی نانەواخانەی بندیوار، بەو نانەواخانەیانە دەگوترێت، کە لەگەڵ ئەوەی نانەواخانەیان نییە، بەڵام بەمۆڵەتی نانەواخانە نەوت لەحكومەت وەردەگرن و لەبازاڕی رەشدا دەیفرۆشنەوە.
قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی لیژنەیەكی بۆ بنەبڕكردنی ئەو جۆرە نانەواخانانە پێكهێناوە.
بەختیار عەبدولڕەحمان، قایمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی دەڵێت "رێوشوێنی یاسایی پێویست دەگرینەبەر بەرامبەر ئەو كەسانە مۆڵەتی نانەواخانە بۆ وەرگرتنی سووتەمەنی لە حكومەت".
سەندیكای كرێكاران و پیشەوەران دروستبوونی بندیواری نانەواخانەكان دەگێڕنەوە بۆ كەمتەرخەمی لیژنەكانی چاودێری و دەڵێن نابێت قەیرانی بكرێتە بەهانەیەك بۆ چاوپۆشین لە سەرپێچییەكان.
عەتا محەممەد، بەرپرسی راگەیاندنی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكاران دەشڵێت "لیژنەی بەرهە نەوتییەكان زۆر چالاكتر بووە لە لیژنەی قایمقامییەت".
بەشێك لەنانەواخانەكان داوا دەكەن چاوپۆشی لە بندیواری نانەواخانەكان نەكرێت، چونكە وایدەبینن ئەگەر ئێستا ئەو حاڵەتە لەنێونەبرێت، دواجار هاوشێوەی مووچەخۆری بندیوار دەبێتە بارگرانییەك بەسەر حكومەتەوە.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 1300 نانەواخانە هەیە، ساڵانە 18 ملیۆن لیتر نەوتیان بەپێی كاژێركانی كاركردن، پێدەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ