رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە فرۆشگە و رێستۆرانتەکانی هاوینەهەواری بێخاڵ و ناوچە گەشتیارییەکانی دیکەی ئیدارەی سۆران تێکبدرێن و بەشێوازێکی نوێ دروستبکرێنەوە. بەڕێوەبەری گەشتوگوزار دەڵێت، هیچ خاوەنکارێک بێ کار نابێت و جێگەی دیکەیان پێدەدرێتەوە.
هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێشەممە 28-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەگوێرەی ماستەرپلانێک کە جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەرداوە، گۆڕانکاری لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران دەکرێت و بەشێوەیەکی مۆدێرنی جیهانی، بونیاد دەنرێنەوە".
هاوینەهەواری بێخاڵ کە یەکێک لە سەیرانگە بەناوبانگەکانی کوردستان و عێراق، لە چوارچێوەی ماستەرپلانەکەدا تێکدەدرێت و دروست دەکرێتەوە. هەژار حەکیم دەڵێت "کارەکانی ماستەرپلانەکە دەستیپێکردووە، بەڵام هاوینەهەواری بێخاڵ هێشتا کراوەیە و نوێکردنەوەی دەستیپێنەکردووە."
هەر ئەمڕۆ د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پڕۆژەکە بۆ پەرەپێدانی گەشتیارییە لەچوارچێوەی ماستەرپلاندا، کە گۆڕانکارییەکە لە خەلیفانەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاوەکو بێخاڵ."
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران گوتی "بەگوێرەی ماستەرپلانەکە، گۆڕانکاری ریشەیی لە سەیرانگەکە و هاوینەوارەکاندا دەکرێت. دڵنیایی دەدەینە ئەو کاسبکارانەی لە بێخاڵ کاردەکەن بێ کار ناکرێن و دوای کۆتاییهاتنی کارەکان، دەبنەوە خاوەن کاری خۆیان"
بەگوێرەی ئاماری گەشتوگوزاری سۆران بۆ رووداو، لە سێ ساڵی رابردوو ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکەیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ