کارەبای کەرکووک: رۆژانە نزیکەی 11 کاژێر کارەبا دەدەینە هاوبەشان

28-01-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری کارەبای کەرکووک دەڵێت، رۆژانە نزیکەی 900 مێگاوات کارەبا پشکی پارێزگاکەیە و نزیکەی 10 بۆ 11 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدەنە هاوبەشان؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "ئەو کارانەی لە سێکتەری کارەبای پارێزگاکەدا دەکرێن، 20 ساڵە کار بەو جۆرە نەکراوە". 
 
دانیاڵ هەمەوەندی، جێگری بەڕێوەبەری کارەبای کەرکووک میوانی بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، باسی لە پڕۆژەکانی سێکتەری کارەبا  کرد گوتی، سەرەڕای بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا، ئێستا رۆژانە 10 بۆ 11 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدەنە هاوبەشان.
 
دانیاڵ هەمەوەندی گوتیشی، کاژێرەکانی دیکە بە موەلیدە پڕدەکرێنەوە و رایگەیاند، لە کەرکووک دوو خشتە هەن؛ خشتەیەکی 24 کاژێری و خشتەیەکی دیکە کە بەگوێرەی کاتی دیاریکراو، کارەبا دەدەنە هاوبەشان.
 
لەبارەی پشکی پارێزگای کەرکووک لە تۆڕی کارەبای نیشتمانیی عێراق، دانیاڵ هەمەوەندی گوتی، رۆژانە نزیکەی 850 بۆ 900 مێگاواتە.
 
لە وەرزەکانی هاوین و زستاندا بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بۆ ئامێرە فێنککەرەوە و گەرمکەرەوەکان، خواست لەسەر کارەبا بەرزدەبێتەوە.
 
جێگری بەڕێوەبەری کارەبای کەرکووک دەڵێت، بەرزترن خواست لەسەر کارەبا لە زستاندا دەگاتە نزیکەی 2150 مێگاوات کارەبا.
 
لە سنووری پارێزگای کەرکووک، سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەن: وێستگەکانی دوبز، تازە و مەلا عەبدوڵڵا. دانیاڵ هەمەوەندی گوتی، ئەگەر بێ کێشە کاربکەن، هەر سێ وێستگەکە نزیکەی 900 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن کە تێکەڵ بە تۆڕی نیشتمانی دەکرێت.
 
لەبارەی پڕۆژەکانی سێکتەری کارەبا لەنێو شاری کەرکووک، ئەو بەرپرسەی کارەبا دەڵیت: "پارێزگاری نوێی کەرکووک پاڵپشتییەکی زۆری کارەکانمان دەکات، بەشێوەیەک لە 20 ساڵی رابردوودا کاری لەو جۆرە نەکراوە."
 
دانیاڵ هەمەوەندی دەشڵێت: "ئێستا لەنێو کەرکووک چوار وێستگەی گەورەی کارەبا لە گەڕەکەکانی چیمەن، رێگەی بەغدا، لەیلان و حەویجە کاریان تێدا دەکرێت؛ فیدەری 11 کەیڤی لە گەڕەکەکانی سێکانیان، حەسار، حەمزەلی، گورگەچاڵ، دارەمان، عرووبە چاک دەکرێن؛ لە 7 وێستگەی 33 کەیڤیش کاردەکرێت و لەپلانماندایە لە 4 وێستگەی دیکە کار بکەین".
 
دانیاڵ هەمەوەندی ئاماژەی بەوەشکرد، وەکو بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا، تۆڕی رووناکیی نێو شار و شەقامە سەرەکییەکان و شەقامی سەرەکیی گەڕەکە میلییەکان جێبەجێ دەکەن بۆ ئەوەی هەموو ئەو رێگە سەرەکییانە رووناکییان هەبێت.
 
جێگری بەڕێوەبەری کارەبای کەرکووک گوتیشی: "پڕۆژەیەکی گرنگمان لەبەردەستە بەسەرپەرشتیی راستەوخۆی پارێزگاری کەرکووک کە پێکدێت لە 550 بگۆڕ کە ئێستا نزیکەی 300یان دانراون، لەگەڵ نزیکەی 9 هەزار ستوونی کارەبا بۆ گەڕەکە جیاوازەکان کە کێشەی بارزۆری لە گەڕەکەکان چارەسەر دەکات".
 
چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداوەوە کرد و رایانگەیاند: کێشەی کارەبایان لە گەڕەکی دەروازەی کەرکووک هەیە و داواکارن بۆیان چارەسەر بکرێت.
 
جێگری بەڕێوەبەری کارەبای پارێزگاکە دەڵێت: "لە گەڕەکی دەروازە پڕۆژەیەکمان لەبەردەستە بۆ دانانی پێنج فیدەری سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی بارزۆری لە گەڕەکەکە".
 
لەبارەی ژمارەی هاوبەشیش ئاماژەی بەوەکرد: "لە پارێزگای کەرکووک نزیکەی 320 هەزار هاوبەشمان هەن و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دەگاتە نزیکەی 350 هەزار هاوبەش".
 
جێگری بەڕێوەبەری کارەبای پارێزگاکە گوتیشی: "قەرزێکی زۆرمان لای هاوبەشانی کارەبایە، بەڵام رەچاوی دۆخی هاونیشتمانییان دەکەین، بەتایبەت ماڵان. ئێستا مانگانە نزیکەی 6.5 ملیار دیناری نەختینەیی کۆدەکەینەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە