رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، بەهۆی دوایین بڕیاری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە 647 فەرمانبەریان خانەنشین دەبێت، کە دەکاتە 11.98٪ـی کۆی فەرمانبەرانیان.
ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی، ئەمڕۆ (سێشەممە، 28-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە نزیکەی 5 هەزار و 400 فەرمانبەری سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتەوە 647 فەرمانبەریان خانەنیشن دەبن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کە 22-01-2025 بڵاویکردەوە، ئەوانەی تەمەنیان دەبێتە 60 ساڵ، خانەنشین دەبن، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین بن.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی خانەنشینبوونی ئەو ژمارەیەی فەرمانبەرانەوە کاریگەریی نەرێنی بۆ راییکردنی کاروبارەکانیان دروست دەبێت.
ئەنوەر حەمەسەعید گوتی "بۆ چارەسەرکردنی کەموکورتییەکان، سەرەتا گۆڕانکاری لە کاژێرەکانی کارکردندا دەکەین، تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆخەکە چارەسەر دەکات."
هەر لە سنووری سلێمانی هەزار و 821 مامۆستا خانەنشین بوون. عومەر محەممەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەهۆی خانەنشینبوونی ئەو ژمارەیە لە مامۆستا پێکەوە، کێشە بۆ گوتنەوەی وانە لە قوتابخانەکان لەم وەرزەی خوێندندا دروست دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ