نێچیرڤان بارزانی: بەغدا ئامادەبێت مووچە بدات، ئامادەین بۆ چارەسەر

27-11-2016
رووداو @Rudawkurdish
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی بەغدا مووچە مەلا وشیار
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ئەگەر بەغدا ئامادەبێت مووچە بدات، ئامادەن بۆ چارەسەركردنی کێشەکان، لەبارەی كەیسی كوژرانی مەلا وشیاریش رایگەیاند هەواڵی خۆش بەڕێوەیە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، رۆژی یەكشەممە 27-11-2016، لەدوای بەشداریكردنی لە راگەیاندنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان،  كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی سازكرد و لەبارەی چەند پرسێك وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا رایگەیاند "ئەگەر بەغدا ئامادەبێت مووچە بدات، ئامادەین بۆ چارەسەركردنی کێشەکان". جەختیشی كردەوە سیستەمی پاشەکەوتكردنی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی كوردستان لە ناچارییەوە بووە.

كەیسی كوژرانی مەلا وشیار ئیسماعیل پرسێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەڤانییەكە بوو، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "هەواڵی خۆش هەیە لەبارەی لێكۆڵینەوە لە كوشتنی مامۆستا وشیار". گوتیشی "خەبەری خۆش و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە بۆ برایانی ئاسایش جێدەهێڵم".

نێچیرڤان بارزانی باسی سەردانەكەی هەفتەی رابردووی كرد بۆ توركیا و گوتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا باسی هەدەپە و گرتنی هاوسەرۆك و پەرلەمانتارەكانیان كردووە. جگە لەمە وەك خۆی باسیكرد، لە كۆبوونەوەكاندا پرسی موسڵ و ئاوارەکان و پەیوەندی نێوان تورکیا و عێراقیش باسكراون.

لەبارەی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستانی خستەڕوو و گوتی "حەشدی شەعبی رۆڵی هەبووە لە شەڕەکاندا، پێمانخۆشە کە خراوەتە نێو سیستەمی بەرگریی عێراقەوە". گوتیشی " دەبوو حکومەتی عێراق چۆن هاوکاری حەشدی شەعبی دەکات، بەهەمانشێوە هاوکاری پێشمەرگەش بکات".

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی پەیامەكەی بارزانی و هەوڵی لایەنەكانی كرد بۆ رێككەوتن لەسەر كێشەكان و گوتی "چاوەڕێی لایەنەکان دەکەین بۆ گەیشتن بە رێککەوتن".

وێڕای ئەوەی ئاماژەی بەوە كرد مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتر هۆشداری دابوو لە تێکچوونی رەوشی عێراق، نێچیرڤان بارزانی گوتی "خیلافی شەخسیمان لەگەڵ نووری مالیکی نییە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە