رووداو دیجیتاڵ
سوپای تورکیا نزیکەی 15 شوێنی لە چیای گارەی سنووری قەزای ئامێدی بووردومان کرد.
بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە دهۆک، کاژێر 5:30ی ئێوارەی ئەمڕۆ 27ی تشرینی یەکەم، سوپای تورکیا بە فڕۆکە نزیکەی 15 شوێنی ناحیەی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدی بۆردوومانکردووە، کە ئەو شوێنانە 10 کیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەی دێرەلووکەوە دوورن.
بۆردوومانەکە لە چیای گارە بووە کە بۆ یەکەم جارە ئەو شوێنانە بەو سەختییە بۆردوومان بکرێن.
هاوکات، کاژێر 18:30 ئەمڕۆ گولـلەتۆپێک لە گوندی گوھەرزێ لە قەزای ئامێدی کەوتە خوارەوە زیانی گیانی نەبوو.
رەڤەند گوھەرزی، خەڵکی گوندی گوھەرزێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە ھۆی گولـلەتۆپەکەوە شووشەی خانووی ھاونیشتمانیی فارووق سەفەر شکاون، بەڵام زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە".
رۆژی 25ی تشرینی یەکەمی 2024، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، 30 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
وەزارەتەکە گوتی، ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، لە چیاکانی خواکوڕک، گارە، قەندیل و شنگال بوون.
24ی تشرینی یەکەمی 2024 ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە خواکوڕک و گارە دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا و لە ئەنجامدا 5 سەرباز کوژراون و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ - قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
بۆردوومانەکە لە کاتێکدایە، رۆژی 23-10-2024 دوو کەس بە چەکەوە هێرشیان کردە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە و لە ئەنجامدا 5 کەس کوژران و 22 کەسی دیکەش بریندار بوون.
تورکیا ئەنجامدانی هێرشەکەی خستە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) رایگەیاند، هێرشەکەی ئەنقەرە لەلایەن تیمێکی "سەربەخۆ"ی هێزی نەمرانەوە کراوە و ناسنامەی ئەو دوو کەسەشی ئاشکرا کرد کە هێرشەکەیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ