وردەکاریی بۆردوومانەکەی بناری قەندیل؛ ئەو ژنەی گیانی لەدەستدا دایکی حەوت منداڵە

27-09-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
وێنەی ئەستی حەمەد
وێنەی ئەستی حەمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پێشنیوەڕۆی 27ـی ئەیلوول بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە گوندی بۆکڕیسکانی بناری قەندیل، ئەستی حەمەدی تەمەن 57 ساڵ گیانی لەدەستدا. لوقمان مینە دانیشتووی گوندەکەیە و چیرۆکی ساتی بۆردوومانەکە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە.
 
لوقمان خۆی شایەتحاڵی رووداوەکە بووە، دەڵێت: "دەنگی مووشەکێک هات و لە ماڵێکی خوار جادەی گوندەکەی دا، کاتێک چووین لەپێش ماڵەکەی دابوو، هیچ کەسێکی لێ نەبوو، پاش کەمێکی دیکە مووشەکێکی دیکەی لەناو گوندەکەیدا."
 
لە ساڵی 2015 پێنج کەسی دیکە لە خێزانی ئەستی بەر بۆردوومان کەوتوون. دڵشاد خدر، کەسوکاری ئەستییە، دەڵێت: "ئێستا هەر خزم و کەسوکاری ئێمەن لەوێ بۆردوومان دەکرێن، نە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە حکومەتی عێراق وەک پێویستن کار ناکەن بۆ رێگری لێی، بەڵام لە راستیدا ئەوە کاری حکومەتی عێراقە، چونکە پاراستنی سنوورەکان لە ئەستۆی ئەوانە."
 
ئەستی حەمەد ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو و دایکی حەوت منداڵ بوو، بەهۆی بۆردوومانەکەوە دوو هاونیشتمانیی دیکەی گوندەکە بریندار بوون و بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە کران.
 
دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆکی شارەوانیی بناری قەندیل بە رووداوی راگەیاند، "ئەوانەی ئەمڕۆ بوونە قوربانی، پیشەیان ئاژەڵدارییە و دانیشتووی گوندەکەن، ژنێک گیانی لەدەستداوە و پیاوێک و کچێکی دیکەش بریندارن."
 
بەگوێرەی ئامارە بەردەستەکان، لە 20 ساڵی رابردوودا بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا بەهۆی بوونی بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە نزیک گوندنشینانی بناری قەندیل، نزیکەی 120 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 50 کەسی دیکەش برینداربوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە