رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کارگێڕی لە هەولێر دەڵێن، دوای رێکارەکانیان بۆ داخستنی پاڵاوگەکان و نەهێشتنی دووکەڵی ئۆتۆمبێل، گۆڕانکاری بەسەر ژینگە و هەوای شارەکەدا هاتووە.
بەرپرسێکی باڵای کارگێڕی لە هەولێر رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەشێکی پاڵاوگەکان و کارگەکان داخراون، بۆیە "بە دڵنیاییەوە ژینگەی شارەکە گۆڕانکاری تێیدا روویداوە."
بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەولێر و داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لیژنەیەک پێکهێندراوە. ئەندامێکی لیژنەکە هەر ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "بەراورد بە سەرەتای ئەم مانگە، 80% بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش کە بەهۆی کارگەکانەوە بوو، کەمی کردووە."
رێکارەکان بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەولێر تەنیا پاڵاوگە نایاساییەکان نین. سەرەتای ئەم مانگە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی، رێگە نادەن ئەو موەلیدانە کاربکەن کە دووکەڵ دەکەن.
هەروەها لێپێچینەوە لەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان دووکەڵ دەکات، یەکێکی دیکەیە لە رێکارەکانی لیژنەکانی پارێزگای هەولێر بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی سنوورەکە.
4ـی مانگی ئاب، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنوورەکە هەن و هەموویان دادەخەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ژمارەیەک کە کەمترە لە نیوەی پاڵاوگە نایاساییەکان تاوەکو ئەمڕۆ داخراون و رێکارەکانی داخستنیان راگیراوە.
لە کۆنفرانسێکی دیکەدا پارێزگاری هەولێر لە رۆژی 12ـی ئابدا گوتی، "پاڵاوگەکان سەرچاوەی ژیانی بەشێکی خەڵکن، بەڵام نابێت بەشێک بن لە تێکدانی ژینگەی شار."
پارێزگار ئەوەشی گوت، بڕیاری داخستنی پاڵاوگەکان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام "کار دەکرێت لە دەرەوەی شارەکان زەوییان بۆ دابین بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ