رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رێز لە یاساکان بگرن؛ لەبارەی دواکەوتنی مووچەشەوە دەڵێت، بڕیاری راگرتنی مووچە ئیرادەی سیاسیی لە پشەوەیە، "بەتایبەت ئێستا کە بڕیارە هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت".
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە پلانەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی، دەزگای ئاسایش، ئاسایشی گشتی و هێزەکانی پێشمەرگە لە پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بەشدار دەبن.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد، بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن هاوکاریان بن لە رەخساندنی کەشێكی ئارام.
هەڵبژاردن لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت، لە بەشێکی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان شەڕ لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە هەیە. رێبەر ئەحمەد لە بارەی ئاسایشی ئەو ناوچانەوە گوتی، "لە هەر شوێنێک کێشە بۆ هەڵبژاردن دروستبێت، شوێنی جێگرەوە دەبێت".
ئەو وەزیرەی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، "هەندێک کەس" دەستیان بە دابەشکردنی چەک کردووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن؛ گوتیشی، "رێنوێنی بە پۆلیس و ئاسایش دراوە، هەر هاووڵاتییەک ئەو چەکانە وەربگرێت دەستبگرن بەسەر چەکەکەدا و کەسەکەش بدەنە دادگە".
وەزیری ناوخۆ: دواخستنی مووچە بیانووە
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی نەناردنی پارەی مووچە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "دواخستنی مووچە بیانووە و پەیوەندی بە وردبینییەوە نییە. ئەو خاڵانەی لیژنەی چاودێریی هاوبەش داویانە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو گیراون، بەڵام هی ئەوە نین مووچەیان لەسەر رابگیرێت".
رێبەر ئەحمەد گوتیشی، "لەپشتی بڕیاری راگرتنی مووچەوە ئیرادەیەکی سیاسییە هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان تووشی کێشە و گرفت بێت، بەتایبەت ئێستا کە پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت".
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "[لە بەغداوە] جارێک دەڵێن مووچەی مەدەنی کێشەی هەیە؛ جارێک دەڵێن پێشمەرگە و جارێکیش دەڵێن ئەمنی؛ هەموویان بیانوون".
رێبەر ئەحمەد داوای کرد، مووچەی مووچەخۆران "وەک کارتێکی سیاسی، ئابووری و هەڵبژاردن دژی هەرێمی کوردستان بەکارنەهێندرێت".
بە گوێرەی خشتەی کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیارە 16ـی مانگی داهاتوو بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات و 20ـی مانگی 10 هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 ـیان دەنگدەری گشتی و 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، 1431 بنکەی دەنگدان دەبن، 1266ـیان بنکەی دەنگدانی گشتی و 165ـیان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ