تەندروستیی سۆران: 80٪ی گرفتی کەمیی دەرمان چارەسەرکراوە

27-07-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سۆران دەڵێت، 80٪ی پێداویستی دەرمان بۆ سنووری ئیدارەی سۆران دابینکراوە کە 125 تۆن دەرمان و کەرەستەی پزیشکییە، دەشڵێت، وەزارەتی تەندروستی عێراق لە هەشت مانگی رابردوودا کەمتر لە دە تۆن دەرمانی بۆ سنوورەکەیان ناردووە.
 
دکتۆر کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سۆران لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، "لە رابردوودا کێشەی کەمیی دەرمانمان هەبوو، دوای ئامادەکردنی تەندەری پێویست بۆ دەرمان، ئێستا نزیکەی 80٪ی گرفتی دەرمان چارەسەرکراوە و دەرمانی پێویست بەردەستە کە نزیکەی 125 تۆنە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سۆران ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بۆ یەکەمجار کۆگەیەکی گشتیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە سنووری ئیدارەی سۆران کرایەوە، کە توانای کۆگەکردنی نزیکەی 300 تۆن دەرمان و کەرەستەی پزیشكی هەیە و لە هەنگاوی یەکەمیشدا نزیکەی 125 تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشکی دابینکراوە.
 
لەبارەی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی فیدراڵیی عێراقەوە بۆ سنوورەکەیان، دکتۆر کامەران مەلا محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی تەندروستی عێراق کەمتەرخەم بووە لە دابینکردنی دەرمان پێویست بۆ سنوورەکەیان و لە هەشت مانگی رابردوودا کەمتر لە 10 تۆن دەرمان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ سنوورەکەیان دابینکراوە.
 
لەبارەی بەردەوامیی کڕینی دەرمان بۆ سنووری ئیدارەی سۆران، گوتشی، "ئەو 125 تۆنە دەرمانەی کڕیومانە لەسەر بودجەی وەزارەتی تەندروستییە و بەردەوام دەبێت رەنگە تاوەکو 300 تۆن بچێت، ئێستا وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان مانگانە 7 ملیار دیناری تەرخانکردووە بۆ کڕینی دەرمان و مانگانە بەگوێرەی پێداویستی پارێزگا و ئیدارەکان لەو بوودجەیە پارە بۆ کڕینی دەرمان تەرخان دەکرێت."
 
گوتیشی، ئێستا حکومەت پارەی کاشی بۆ دەرمان بە نزیکەی 80٪ی لە بانکەکاندا تەرخانکردووە، بۆ ئەوەی گرفتی دەرمان لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکاندا دروست نەبێت.
 
سەنتەری پەلی دەستکرد لە سۆران یەکێکە لەو ناوەندانەی ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانیان بۆ دروستکردنی پەلی دەستکرد سەردانیان دەکرد، چەند هاونیشتمانییەک لە سنووری سۆران بە رادیۆی رووداویان گوت، لە سەنتەری راهێنان و دروستکردنی پەلی دەستکرد لە سۆران گرفتیان هەیە و دروستکردنی پەلی دەستکرد راگیراوە.
 
د. کامەران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران دەڵێت، "ئەو سەنتەرە تایبەتە بە راهێنان و دروستکردنی پەلی دەستکرد، لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق خەڵک سەردانیان دەکرد، ئێستا دەرخستە و پلانی ئەوەمان داناوە کە سەنتەرەکە بکەینە سەنتەرێکی مۆدێرن و بەوەش کارەکە ئاسانتر دەبێت و تێچووی کەمتریش دەبێت."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "کردنەوەی سەنتەرەکە لەسەر چەند بابەتێک ماوەتەوە کە ئەوانیش پەیوەندی بە دابینکردنی ئامێر و راهێنانی ستافەکەی هەیە، لە کردنەوەیدا رێکخراوەکانیش هاوکارمان دەبن."
 
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران حەوت نەخۆشخانەی گشتی و 100 بنکەی تەندروستی هەن؛ خەرجیی مانگانەیان نزیکەی دوو ملیار دینارە و داهاتیان تەنیا 150 ملیۆن دینارە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.