رووداو - هەولێر
شرۆڤەکارێکی سیاسی پێیوایە لەبەر ئەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەرپرسیارێتیەکەی گەورەترە، بە تایبەتیش لەبەر ئەوەی یەکێک لە هاوسەنگەر و هاوخەباتەکانی ئێستا بە جۆرێک لە جۆرەکان لە کایەی سیاسی غائیبە، واتە بارزانی بەرپرسیارێتی و ئەرکی مام جەلالیشی لە ئەستۆیە، بە هەستکردن بەو بەرپرسیارێتیە دەبێت رۆڵی ئەویش بگێڕێت و زیاتر نەرمی بنوێنێت و لەپێناو رێکخستنەوەی ماڵی کوردیش تەنازول بکات.
عارف قوربانی، شرۆڤەکاری سیاسی، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی گرنگی سەردانەکانی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ لای لایەنە سیاسییەکان و لێکدانەوەی بۆ ئەو سەردانانە رایگەیاند: "نەک تەنیا ئەو سەردانەی دکتۆر فوئاد، بەڵکو ئەو دەستپێشخەریانەی پێشتریش کران، هەر گرنگ، تەنانەت ئەوانەی شکستیشیان خوارد".
عارف قوربانی، دەڵێت: "زۆر جار چارەسەرکردنی ئەو کێشانە لە ئەنجامی شکستی هەوڵەوە دەست پێدەکات، چونکە لەوێ تێدەگەیت گرێ کوێرەکان لەکوێن، ئەوەی دکتۆر فوئادیش لە ئەنجامی چەند هەوڵێکی دیکە هاتووە و بەرچاویان روونترە لەوەی، ئێستا قسەی جددی بزووتنەوەی گۆڕان و یان یەکێتی نیشتمانی کوردستان چییە".
عارف قوربانی، دەشڵێت: "لای ئەوانیش جۆرێک لە نیگەرانی هەبوو، بەوەی بۆچی بارزانی خۆی دەستپێشخەری ناکات، ئێستا هاتنی دکتۆر فوئاد حوسێن، بە جۆرێک لە جۆرەکان وەکو دەستپێشخەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێکدەدرێتەوە، نوێنەرایەتی فەرمی ئەو دەکات، بۆیە قسەکان جددی تر و گفتوگۆکان کراوەتر و راشکاوانەتر دەبن".
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، چاوەڕێی ئەوەیە بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکاندا هەبێت و بگەنە ئەنجام،"چونکە بەڕاستی هەموو لایەنە سیاسییەکان ئێستا لە پاڵ ئەو کێشانەی هەرێمی کوردستانەوە، هەست بە مەترسی گەورە دەکەن، کە پێش دووساڵ هەموو دونیا چاوەڕێی ئەوەبوو لە ئەگەری کۆتایی شەڕی داعش گۆڕانکارییەکان بەجۆرێک بن، یەکێک لەو میللەتانەی بەری ئەم شەڕ و قوربانییە دەچنێتەوە، میللەتی کورد بێت".
عارف قوربانی، دەشڵێت: "بەڵام ئێستا بەداخەوە سەرەتای بەرەو لاوازی کورد دەرکەوتووە، هاوکات سەرەتای پیلانگێڕی دیکە لەسەر کورد و هەرێمی کوردستان خەریکە بەدەر دەکەون، هەموو هێزە سیاسییەکان لە هەستکردن بەو بەرپرسیارێتیەوە تێدەگەن، کە بەرپرسیارێتیەکی هاوبەش لە ئەستۆی هەموو لایەکیانە، ئەگەر خوانەخواستە ئەم ماڵە تێکچوو، لە هەموو لایەکمان تێکدەچێت".
عارف قوربانی، ئاماژە بەوە دەدات، "لەبەر ئەوەی کاک مەسعود، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەرپرسیارێتییەکەی گەورەترە، بەتایبەتیش لەبەر ئەوەی یەکێک لە هاوسەنگەر و هاوخەباتەکانی ئێستا بەجۆرێک لە جۆرەکان لە کایەی سیاسی غائیبە، واتە کاک مەسعود بەرپرسیارێتی و ئەرکی مام جەلالیشی لە ئەستۆیە، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەی رۆڵی ئەویش بگێڕێت، دەبێت زیاتر نەرمی بنوێنێت و لەپێناو رێکخستنەوەی ماڵی کورد تەنازول بکات، کە برا گەورەیە پێویستە بە ئەندازەی برا گەورەبوونی خۆی زیاتر تەنازول بکات".
عارف قوربانی، ئاماژە بەوەش دەدات، "ئەو نەرمییەی لە میدیاکانەوە بیستوومە پارتی نواندویەتی، جیا لە مەسەلەی ئاڵوگۆڕکردن بە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەنێوان یەکێتی و گۆڕان و وەرگرتنی یەکێک لە پۆستەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ گۆڕان، هیچ شتێکی دیکە تا ئێستا وەک زانیاری باس نەکراوە، کە پارتی نەرمی نواندبێت، بە تێگەیشتنی من پێویستە پارتی لەوە زیاتر تەنازول بکات و لەوە زیاتریش ببەخشێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ