بەراورد بە جەژنی قوربانی رابردوو ئەمساڵ نرخی مەڕ لە دهۆک زیاتر لە 100 هەزار دینار گرانترە

27-06-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
مەیدانێکی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ لە سێمێل. وێنە: رووداو
مەیدانێکی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ لە سێمێل. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - دهۆک

بەرزبوونەوەی نرخی مەڕوماڵات لە دهۆک بازاڕی کڕین و فرۆشتنی بۆ جەژنی قوربان لاواز کردووە. لە مەیدانی ئاژەڵانی سێمێل کڕیار کەم و تاک و تەران. کڕیارێک بە 600 هەزار دینار دوو سەر مەڕی کڕیوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو بەو پارەیە دەیتوانی سێ سەر بکڕێت.
 
ئەحمەد عومەر، فەرمانبەر دەڵێت، ئەوەی ساڵی رابردوو دوو سەر مەڕی کڕیبێت، ئەمساڵ دانەیەک دەکڕێت، ئەوەی سێ سەری کڕیبێت، ئەمساڵ دوو سەر دەکڕێت، ساڵی رابردوو 50%ی خەڵک ئاژەڵیان بۆ قوربانی دەکڕی، ئەمساڵ 25% دەیکڕن.
 
بەراورد بە جەژنی قوربانی ساڵی رابردوو، ئەمساڵ 100 تاوەکو 150 هەزار دینار چووەتە سەر نرخی هەموو جۆرێکی مەڕ؛ هەروەها بەهای ئاژەڵ بە زیندوویی بۆ کیلۆیەک ساڵی رابردوو پێنج تاوەکو شەش هەزار دینار بوو، ئەمساڵ زیاتر لە هەشت هەزار دینارە.
 
شەعبان عەدنان، فرۆشیار دەڵێت، ساڵی رابردوو جووتێک مەڕ بە 550 هەزار دینار بوو، ئەمساڵ چووتە 700 هەزار دیناریش، واتە جووتێک مەڕ 150 هەزار دینار جیاوازیی هەیە بەراورد بە ساڵی رابردوو، چونکە بەرخ و ئاژەڵ هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت و لە سووریایشەوە هاوردە دەکرێت و گرانە.
 
بەهای مەڕ لەو وڵاتانەوە کە هاوردە دەکرێن، گران بووە، ئەمەش سەرەڕای داخستنی سنوورەکان بۆ هاوردە و گرانبوونی نرخی ئاژەڵ لە ناوخۆ.
 
دوای تووندترکردنی رێکارەکانی هاوردەکردنی ئاژەڵ لە دەرەوە، لە سنووری دهۆک، بەشێک لە خەڵک خۆیان دەستیانداوەتە بەخێوکردنی مەڕ.
 
ماهیر حەسەن، ئاژەڵدار ئاماژە بەوە دەکات، هەرکەسە و بەشێوەیەک مەڕ بەخێودەکات، هەیە بەرپرس و دەوڵەمەندە و شوانێک دەگرێت و مووچەیەکی دەداتێ و مەڕی بۆ بەخێودەکات.
 
ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، هەر کیلۆیەک گۆشت نرخەکەی سێ تاوەکو پێنج هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە